پزیشکان ناچار دەکرێن رەچەتەی ده‌رمان بە كۆمپیوته‌ر بنووسن

"ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵه‌ی هه‌ندێك پزیشكان راست ده‌كاته‌وه"
ده‌رمانخانه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان
ده‌رمانخانه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

سەندیكای پزیشكانی كوردستان بڕیاریدا لە 15 ئەم مانگە بەدواوە، پێویستە سەرجەم پزیشكان رەچەتەی ده‌رمان بە كۆمپیوتەر بنووسن، سەرجەم پزیشكانی كوردستانیش ئاگاداركراونەتەوە، كە نابێت چیتر رەچەتە بە دەستنووس بێت، بەپێچەوانەوە هەر پزیشكێك پابەند نەبێت؛ ئەوا رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە. بەشێك لە دەرمانخانەكانیش دەڵێن: ماوی ھەفتەیەكە بەشێكی زۆری پزیشكان ئەم بڕیارەیان جێبەجێ كردوە و ھاووڵاتیانیش لەو بروایەدان ئەم بڕیارە لە زۆر ھەڵەی پزیشكی دووریان دەخاتەوە.

لە 15ی ئەم مانگە بەدواوە پێویستە سەرجەم پزیشكان رەچەتە بەكۆمپیوتەر بنووسن، ئەوەیان بڕیاری سەندیكای پزیشكانی كوردستانە، كە ئاراستەی سەرجەم پزیشكانی كردووە، بۆ رێگریکردن لە هەر فڕوفێڵێك لەنێوان پزیشك و دەرمانخانەکاندا، لە بەشێكی زۆری دەرمانخانەكان رەچەتەی پزیشكان بەكۆمپیوتەر چاپكراوە، بەڵام تا ئێستا 100%ی بریارەكە لەلایەن پزیشكانەوە جێبەجێ نەكراوە، تێبینیش کراوە ماوەی ھەفتەیەكە زۆربەی پزیشكان رەچەتە بەكۆمپیوتەر دەنووسن، ئەوەش ئاسانكاری زۆری بۆ دەرمانخانەكان كردووە.

فەرەیدون ئەحمەد، پزیشكی دەرمانخانە گوتی: "تا ئێستا زۆربه‌ی پزیشكان به‌ ده‌ست ده‌رمان بۆ نه‌خۆشه‌كانیان ده‌نووسن، ئه‌مه‌ش زۆر جار هه‌ڵه‌ی تێدایه‌ و به‌شێك له‌ ده‌رمانخانه‌كان ناتوانن به‌ درووستی بیخوێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ش زیانی بۆ نه‌خۆش هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌ندیكای پزیشكان، ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ راست ده‌كاته‌وه‌".

کاریگەرییە نەرینییەکانی ناڕێك نووسینی پزیشکان لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان ،وایکرد سەندیكای پزیشكانی كوردستان هەموو پزیشکان ئاگاداربکاتەوە، کە پێویستە لەمەودوا رەچەتە بۆ نەخۆش بە کۆمپیوتەر بنووسن، چونکە یەكێك لە سوودەكانی نووسینی رەچەتە بۆ نەخۆش بە کۆمپیوتەر  ھەڵە نەكردنە لە دەرمانەكان، پزیشكان دەڵێن زۆرجار نزیكبوونی پیتەكانی نووسینی چارەسەر وایكردوە لە كاتی وەرگرتنی دەرمان لە دەرمانخانە تووشی ھەڵە ببن، ھاوڵاتیانیش ئەو قسەیە پشتراست دەکه‌نه‌وە و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، زۆر جار دەرمانی ھەڵە بە نەخۆش دراوە، بڕیارەکەش بە باش دەزانن.

بڕیاری نووسینی رەچەتە بۆ نەخۆش بە کۆمپیوتەر، لە ساڵی 2019 لەلایەن سەندیكای پزیشكان پێشكەشی وەزارەتی تەندروستی كراوە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە، جارێكی دیكه‌ سەندیكای پزیشكانی كوردستان بڕیاریدا لە 15ی ئەم مانگە بەدواوە پێویستە سەرجەم پزیشكان رەچەتە بەكۆمپیوتەر بنووسن و سەرجەم پزیشكانی كوردستانیش ئاگادار دەكەنەوە، چیتر رێگە بە ھیچ پزیشكیك نادرێت بە دەستنووس دەرمان و چارەسەر بۆ نەخۆشەكان بنووسن و دەبێت بە كۆمپیوتەر بنووسن، بەپێچەوانەوە هەر پزیشكێك پابەند نەبێت؛ ئەوا رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

د.ی