پڕۆژەیاسای سەربازیی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانە

"یاسای سەربازیی ناچاری عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە"
سوپای عێراق
سوپای عێراق

K24 - هەولێر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای سەربازیی پەسندکردووە و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دەڵێ، تا ئێستا پڕۆژە یاسایەکە نەگەیشتووەتە دەست لیژنەکەیان.

ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "پڕۆژەیاسای سەربازیی هێشتا نەهاتووەتە لیژنەکەی ئێمە. خزمەتی سەربازیی ناچاری کە پێی دەگوترێت کە بە خزمەتی ئاڵا ناوی دەبرێت، لە وڵاتێکی وەک عێراق کە فرە نەتەوە و پێکهاتەیە، پێویستە لە پێشدا چارەسەرێکی ئاڵاکە بکرێت، دەبێ ئاڵا رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکان بێت بەتایبەتی کورد".

گوتیشی: "ئەم خولەی پەرلەمان کە لە کۆتاییپێهاتنی نزیک دەبێتەوە، ئەستەمە پڕۆژەیاسای سەربازیی پەسند بکرێت، چونکە دەبێ لە لیژنەکان گەڵاڵە بکرێت و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و دواتر بدرێتە دەنگدان، جگە لەوەش لەم بارودۆخەی عێراق پێویستە ئەو پڕۆژەیاسایە بخرێتە خولی داهاتوو".

تا ئێستا ناوەڕۆکی پڕۆژەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق  بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە، ئاخۆ چۆن هاووڵاتییان ناچار بە خزمەتی سەربازیی و ئاڵا دەکەن، بەڵام پسپۆڕێکی دەستووری رایدەگەیەنێت بەپێی دەستووری عێراق، دەکرێت یاسایەکە هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە.

ناسح غەفوور، پسپۆڕی دەستووری گوتی: "لە ماددەی 121ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا باس لەوە کراوە، هەندێک بابەت کە گونجاو نەبێت لەگەڵ بارودۆخی هەرێم ئەوا لە بەرژەوەندی هەرێمەکە جێبەجێ دەکرێت، تائێستاش روون نەکراوەتەوە پەرلەمانی عێراق ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند دەکات، لە دەستوور باس لەوە نەکراوە کە خزمەتی سەربازیی و ئاڵا ناچارییە".

خزمەتی سەربازیی ناچاری لە سەردەمی حکومەتی بەعسی عێراق جێبەجێ دەکرا، دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق، ئەم یاسایە لە کارکەوت و لە دەستووریش هیچ ئاماژەیەک بە خزمەتی سەربازیی  نەکراوە.