داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كرێت كارتی ده‌نگدان وه‌ربگرنه‌وه‌

بە پێی زانیاریەکانی کوردستان 24 کە لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەستی کەوتووە، تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاد لە (193) ھەزار کارتی بایۆمەتری دەنگدان لە بنکەکان ماون
داوا ده‌كرێت كارتی ده‌نگدان وه‌ربگرنه‌وه‌
داوا ده‌كرێت كارتی ده‌نگدان وه‌ربگرنه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

شارەزایان و چاودێرانی بواری ھەڵبژاردن بە پێویستی دەزانن ھاووڵاتیان کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەربگرنەوە، چونکە وەرنەگرتنەوەی ئەو کارتە دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ھەندێک ھێز و لایەنی دیاریکراو لە کاتی بەڕێوەچونی ھەڵبژاردندا، دەرفەتی ئەنجامدانی ساختەکاریان زیاتر ببێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر، کارتی دەنگدانی درێژ مەودایان وەرنەگرتووەتەوە، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێش وەختەی عێراق نزیکە، سیستم و یاسای ئەم جارەی ھەڵبژاردنیش جیاوازە، ھەر کەسێکیش مافی دەنگدانی ھەبێت، کارتی بایۆمەتری دەنگدانی بۆ دروست کراوە، بۆ ئەوەی ڕۆژی دەنگدان بتوانێت دەنگی پێبدات، بەڵام هێشتا ژمارەیەک دەنگدەر خەمساردن لە وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی هەمیشەیی.

شارەزایانی ھەڵبژاردنیش بە پێویستی دەزانن بۆ ئەوەی ھیچ لایەنێک دەرفەتی ئەوەی نەبێت لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری بکات، دەنگدەران بەزوویی کارتەکانی دەنگدانیان وەربگرنەوە،  بە تایبەت  لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا لە سلێمانی باسی ساختەکاری فراوان دەکرا.

بە پێی زانیاریەکانی کوردستان 24 کە لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەستی کەوتووە، تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاد لە (193) هه‌زار کارتی بایۆمەتری دەنگدان لە بنکەکان ماون و ھاووڵاتیان وەریان نەگرتۆتەوە.

کۆمیسیۆن و شارەزایانی هەڵبژاردنیش داوا لەو کەسانە دەکەن بەپەلە سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.