ئێران سنووری باڵەکایەتی و سیدەکان تۆپباران دەکات
K24 - هەولێر
تۆپخانەکانی ئێران چەند ناوچەیەکی دەڤەری باڵەکایەتی و سنووری ناحیەی سیدەکان تۆپباران دەکەن.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 9/9/2021، تۆپخانەکانی ئێران بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بە چڕی گوندی تەلان و کوێستانەکانی بەربزین و بن رەشکینیان بە چڕی تۆپباران کرد".
سەبارەت بە زیانەکانی تۆپبارانەکە بەڕیوەبەری ناحیەی سیدەکان گوتی: "تائێستا زیانەکانی ئەو تۆپبارانە نەزانراون".
لەلایەکی دیکە تەیفور محەمەد، پەیامنێری کورەدستان24 لە ناوچەکە ئاماژەی بەوەدا، هاوکات لەگەڵ تۆپبارانی سنووری سیدەکان تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەوروبەری گوندی وەڵاش-یان لە سنووری ناحیەی قەسرێی دەڤەری باڵەکایەتی تۆپباران کردووە، لەکاتی تۆپبارانەکە فڕۆکەی چاودێری لە ئاسمان سوڕاوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، لەو هێرشەدا ئەمجارە ئێران درۆنیشی بەکارهێناوە و درۆنەکان خۆیان بە ئامانجەکاندا تەقاندووەتەوە.