وەزیری پلاندانان: رەوانەکردنی 200 ملیار دینارەکە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت

"حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی بەرامبەر یاسای بودجەی 2021 جێبەجێکردووە"

K24 - هەولێر

وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، رەوانەکردنی 200 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/9/2021، دارا رەشید، وەزیری پلاندانان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی بەرامبەر بە یاسای بودجەی 2021 جێبەجێکردووە.

ئاشکراشی کرد، رەنگە پێش هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022ـی عێراق سەردانی بەغدا بکات.

وەزیری پلاندانان، گوتیشی: "ئەو 200 ملیار دینارە وەک سولفە مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، بەردەوام دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت".