ئارجێنتینا به سه‌ركردایه‌تی مێسی له‌سه‌ر خاكی خۆی یاری ده‌كات
ئارجێنتینا له گه‌ڕی نۆیه‌می پاڵاوتنه‌كانی كیشوه‌ری ئه‌مریكای باشوور بۆ مۆندیالی قه‌ته‌ڕ به‌ره‌به‌یانی سبەی هەینی كاتژمێر 02:30 خوله‌ك به‌كاتی هه‌ولێر میوانداریی بۆلیڤیا ده‌كات ئه‌و چوار یاریزانه‌شی كه بوونه هۆی راگیرانی یاریی رابردوو به‌رامبه‌ر برازیل له‌م یارییه له‌گه‌ڵ ئارجێنتینا به‌شداری ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبژارده‌ی ئارجه‌نتینا گه‌ڕایه‌وه بۆینیس ئایرێس و له ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ گه‌ڕی نۆیه‌می پاڵاوتنه‌كانی مۆندیال به‌رده‌وامه و رووبه‌رووی بۆلیڤیا ده‌بێته‌وه.
ئارجێنتینا له گه‌ڕی رابردوو رووبه‌رووی هه‌ڵبژارده‌ی بڕازیل بووه‌وه به‌ڵام ته‌نیا دوای تێپه‌ڕینی شه‌ش خوله‌ك به‌سه‌ر یارییه‌كه به‌رپرسانی ته‌ندروستی بڕازیل یارییه‌كه‌یان به‌هۆی به‌شداریكردنی چوار یاریزانی تانگۆ كه له ئینگلانده‌وه گه‌شتیان كردبوو راگرت و دواریش كۆنیمبۆڵ یارییه‌كه‌ی دواخست و تا ئێسته‌ش بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و یارییه نه‌دراوه.
كریستیان رۆمێرۆ، ئیمیلیانۆ مارتینیز، بۆیندیا و لۆسێلسۆ ئه‌و چوار یاریزانه‌بوون كه به‌هۆیانه‌وه یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر بڕازیل ته‌واو نه‌كرا و به‌شداری راهێنانه‌كانیان كردووه و به‌شداری یارییه‌كه‌ی بۆلیڤیا ده‌كه‌ن.
له‌م یارییه فرانكۆ ئارمانی گۆڵپارێزی دووه‌می تووشی پێكان بووه و له بری ئه‌و لیۆنێل سكالۆنی ئاگۆستین رۆسی گۆڵپارێزی بۆكا جۆنیۆرزی بانگهێشت كردووه.
ئارجێنتینا له‌كۆی حه‌وت یاریی رابردووی له پاڵاوتنه‌كانی مۆندیال هیچ دۆڕانێكی نییه به‌ڵام سێ به‌رامبه‌ربوونی تووشبووه و خاوه‌نی 15 خاڵه و به‌جیاوازی شه‌ش خاڵ له‌گه‌ڵ بڕازیلی پێشه‌نگ خانه‌ی دووه‌می پاڵاوتنه‌كانی گرتووه.
له دواين حه‌وت یاریی نێوانیان ئارجێنتینا شه‌ش یاریی بردووه‌ته‌وه و بۆلیڤیاش له یارییه‌ك سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و له مێژووشدا هیچ كات بۆلیڤیا له‌نێو خاكی ئارجێنتینا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستنه‌هێناوه.