به‌رازیل له‌ پاڵاوتنه‌كانی مۆندیال له‌ ئه‌ركێكی سه‌خت دایه‌

هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل بەرەبەیانی سبه‌ی هه‌ینی له‌ كاتژمێر 03:30 لە یارییەکی سەختدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال رووبەڕووی پیرۆ دەبێتەوە.

بەڕازیل لە گەڕی دەیەمی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای لاتین لە کاتێکدا رووبەڕووی پیرۆ دەبێتەوە بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ پێشەنگی گرتووە و سەرجەم یارییەکانی رابردووی بردووەتەوە، لە بەرامبەردا پیرۆ هەشت خاڵی هەیە و لە خانەی حەوتەم دەبینرێت.

هەفتەی رابردوو بەرازیل یارییەکەی بەرامبەر ئارجێنتینا نەکرد بەو هۆیەی بەرپرسانی تەندروستی بەرازیل رێگریان لە چوار یاریزانی ئارجێنتینی کرد کە لە بەریتانیاوە هاتبوون بەشداری بکەن.

بەرازیل لە نۆ یاریزانی بێبەش دەبێت کە لە پرێمەرلیگ یاریی دەکەن چونکە ئەنجوومەنی خولەک رێگە نادات یاریزانەکانی بەشداری یارییە نێودەوڵەتیەکان بکەن کە هێڵی سوورن، ئەگەر بەشداریش بکەن دوای گەڕانەوەیان 10 رۆژ کەرەنتین دەکرێن.

لەبارەی رووداوەکانی یاریی رابردوو، تیتی راهێنەری بەڕازیل پێیوایە بڕیارەکەی تەندروستی بەڕازیل دروستە و دەڵێت پێویستە هەمووان رێز لە یاسا بگرن.