بودجه‌ی ساڵی 2022ـی عێراق 140 ترلیۆن دیناره‌

"نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ 50 دۆلار خه‌مڵێندراوه‌"
ره‌وشی عێراقییه‌كان
ره‌وشی عێراقییه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق بڕی بودجه‌ی بۆ ساڵی (2022) ئاشكراكرد و رێژه‌ی كورتهێنانیشی راگه‌یاند.

ماهیر حه‌ماد، بریكاری وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، رایگه‌یاند، لێژنه‌یه‌كی بچووك به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری دارایی، بۆ چاكسازیكردن له‌ ره‌شنووسی بوودجه‌، پێكهێنراوه‌.

راشیگه‌یاند، بودجه‌ پێشكه‌شی لێژنه‌ی ستراتیژیه‌تی كرا، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزی بكاته‌وه‌.

روونیكرده‌وه‌، له‌ بودجه‌ی (2022) نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ (50) دۆلار خه‌مڵێندراوه‌، به‌ پێی پێشبینییه‌كان بودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق له‌ نێوانی (120 تا 140) ترلیۆن دیناره‌، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی به‌رزه‌، رێژه‌ی كورتهێنانیش له‌ %20 كه‌متر نابێت.

ئاماژه‌یپێكرد، ناردنی بودجه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری، كارێكی ئاسان نییه‌، چونكه‌ له‌ ئێستادا له‌ قۆناغی دیراسه‌تكردن و ئاماده‌سازییه‌.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌ عێراقییه‌كان

ك.ب