حکومەتی هه‌رێم خولی راهێنان و مەشق لەسەر پیشە جیاوازەکان ده‌کاتەوە

گه‌نجێك باسی فێربوونی پیشه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت چه‌ندین ساڵە ئەم کارە دەکه‌م
شێروان بایز، لەپاڵ خوێندن فێری ئه‌و پیشەیە بووە
شێروان بایز، لەپاڵ خوێندن فێری ئه‌و پیشەیە بووە

K24 - هه‌ولێر:

دابینکردنی هەلی کار یەكێکە لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم و  حکومەتیش لەڕێگەی دامەزراوەکان و کردنەوەی خولی راهێنان هەوڵدەدات توانای مرۆیی و هێزی کاری ناوخۆ بەکاربخات، سەرۆکی دەستەی ئامار دەڵێت  لەگەڵ ئەو خولانەی دەیکەنەوە، پێویستە پێداچوونەوە بە سیستەمی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانیش بکرێت، تا پیشەی جیاواز بخوێنرێت.

شێروان بایز، پیشەوەره‌ و لە ھیچ شوێنێک ئەم پیشەیەی نەخوێندووە و بەشداری ھیچ خولێکی راھێنانیشی نەکردووە، تەنیا لە خاڵیەوە فێری پیشەکە بووە، شێروان چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، کە چۆن نزیکەی 11 ساڵە ئەم کارە دەکات، لەپاڵ خوێندنیشی فێری پیشەیەکی دیكه‌ش بووە، کە پێویستی بازاڕی کارە لە کوردستان، شێروان تەمەنی 27 ساڵە و پێیوایە فێربوونی پیشەیەکی جیاواز قورس نییە و دەتوانرێت بە ئاسانی کارت دەست بکەوێت.

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە كرد، کە دەستی کاری ناوخۆ  بەتایبەت ئەوانەی پیشەی جیاواز تاقی دەکەنەوە، تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 63 ساڵە، سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت ئەگەر بمانەوێت دەستی کاری ناوخۆ زیاد بکەین و توانای مرۆیی بەرھەم بێنین؛ ئەوا پێویستە پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی زانکۆکان بکرێت، بەو ئاراستەیە بێت، كه‌ ئەوەی دەخوێنرێت بۆ بازاڕی کار پێویست بێت، ئاشکراشی كرد، کە بەردەوام خولی مەشق و راھێنان بۆ ئەو کەسانە دەکەنەوە، کە دەیانەوێت پیشەی جیاواز فێرببن.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان روونیكرده‌وه‌، ئامادەکاریان کردووە، تا لە ماوەیەکی نزیکدا خولی مەشق و راھێنان بکه‌نه‌وه‌ و دەستی کاری ناوخۆ بەھێز بکات و ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ھێزی کاری دەرەکی نەبێت، دەستەی وەبەرھێنانیش پێویستیان بە دەستی کارە بۆ زۆربەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، بەڵام وەک پێویست بەردەست نین.

ھەریەک لە وەزارەتی پلاندانان و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دەستەی ئامار و دەستەی وەبەرھێنان و چەند وەزارەتێکی دیكه‌ کار لەسەر بەھێزکردنی توانای مرۆیی و ھێزی کاری ناوخۆ دەکەن، بە کردنەوەی خولی راھێنان و مەشقی جیاواز لەسەر ئەو پیشانەی کە بازاڕی کاری ھەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی، بەو ئامانجەی توانای مرۆیی گەنجان بگاتە ئاستێک پێویستی بە ھێزی کاری بیانی نەبێت و کار لە بازاڕ و پڕۆژەکاندا بکەن.

د.ی