تاڵیبان به‌هه‌زاران خێزان له په‌نجشیر له ماڵه‌كانیان ده‌رده‌كات
K24- هه‌ولێر:
تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌فغانستان چه‌ند وێنه و گرته‌ی ڤیدیۆییان بڵاوكرده‌وه، له دیمه‌نه‌كانیان كاروانێكی گه‌وره‌ی پاس و بارهه‌ڵگر له دۆڵی په‌نجشێر نیشان ده‌درێت، كه خه‌ڵكی ئه‌و ویلایه‌ته ده‌گوازنه‌وه و ده‌گوترێت، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی تاڵیبانه‌وه ناچار كراون ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن.
یه‌كێك له دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه به كه‌ناڵی "BBC"ی راگه‌یاندووه، چه‌كدارانی تاڵیبان خه‌ڵكی له ناوچه جیاوازه‌كانی په‌نجشیر ئاگادار كردووه‌ته‌وه، كه ده‌بێت ماڵ و حاڵیان به‌ره‌و كابول جێ بهێڵن و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "تاڵیبان مامه‌ڵه‌یه‌كی خه‌راپ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی په‌نجشیر ده‌كات و ناچار به هه‌ڵاتن ده‌كات".
ئه‌و كه‌ناڵه له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك گواستییه‌وه، چه‌كدارانی تاڵیبان بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك كاروانی پاس و ئۆتۆمبێله‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی راگرتووه و پیاوانی چه‌ند خێزانێكیان له خانه‌واده‌كانیان جیا كردووه‌ته‌وه و بۆ شوێنێكی نادیار گواستوویانه‌ته‌وه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه عه‌لی مه‌یسه‌م نه‌زاری، سه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌ی به‌رهه‌ڵستكاری نیشتمانی، كه له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د مه‌سعوده‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه له‌ڕێگه‌ی مۆبایله‌وه تۆماركردووه و له‌سه‌ری نووسیوه، به هه‌زاران كه‌س له دانیشتوانی په‌نجشیر له ماڵه‌كانیان كراونه‌ته ده‌ره‌وه.
هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی: "تاڵیبان پاكتاوی ره‌گه‌زی ده‌كات و جیهانیش بێباكانه سه‌یری ده‌كات" و داواشی له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد، "كۆتایی به تاوانه‌كانی جه‌نگ بهێنێت".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، شه‌وی رابردوو ساڵح محه‌مه‌د ریجستانی، ئه‌میری جه‌نگ له به‌ره‌ی به‌رهه‌ڵستكاری نیشتمانی ئه‌فغانی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه و تێیدا بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی به "كوشتنی دڕندانه" له چه‌نجشیر تاوانبار كردبوو.
ریجستانی دووپاتیكرده‌وه، "تاڵیبان په‌نجشیری داگیركرد، كرده‌وه‌ی تیرۆرستی و كوشتنی دڕندانه له ئارامترین هه‌رێمی ئه‌فغانستان ئه‌نجام ده‌درێن".
پێشتریش سه‌ركرده‌كانی تاڵیبان داوایان له دانیشتوانی هه‌رێمی په‌نجشیر كردبوو، به‌ره‌و شاخه‌كان رانه‌كه‌ن و له ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه و زیان به هیچ كه‌سێك ناگه‌یه‌نن، ئێستاش كه كۆچی به‌زۆر به دانیشتوانی ئه‌و هه‌رێمه ده‌كه‌ن، سه‌ركرده‌كانی تاڵیبان تا ئێستا هیچ لێدوانێكیان له‌و باره‌یه‌وه نه‌داوه.
هه‌روه‌ك نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ هه‌ماهه‌نگی كاروباری مرۆیی "ئۆچا" هۆشداری ئه‌وه‌ی دا، كه تاڵیبان توندوتیژی دژ به هاووڵاتییان به‌كارده‌هێنێت.
له‌و باره‌یه‌وه رافینا شه‌مداسانی، گوته‌بێژی نووسینگه‌ی ناوبراو له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له جنێف به‌ر له چه‌ند كاتژمێرێك دووپاتیكرده‌وه، چه‌ند راپۆرتێكی پشتڕاستكراوه به‌ده‌ستیان گه‌یشتوون، كه له خۆپیشاندانه‌كاندا چه‌كدارانی تاڵیبان چه‌ك به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیان به‌كارده‌هێنن و به گوللـه رووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه، هاووڵاتییان رووبه‌ڕووی لێدان و ده‌ستگیركردن بوونه‌ته‌وه و جه‌ختیشی كرده‌وه، تادێت تاڵیبان هێزی زیاتر له دژی ئه‌وانه به‌كارده‌هێنێت، كه له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان ده‌نووسن.
H.B