حکومەتی هەرێم کار بۆ پەرەپێدانی توانای مرۆیی دەکات

سەرۆکی دەستەی ئامار: پێویستە پێداچوونەوە بە سیستمی خوێندن دا بکرێت
دیمەنێکی بازاڕی 40 مەتری هەولێر - فۆتۆ: هاوکار سەڵاح
دیمەنێکی بازاڕی 40 مەتری هەولێر - فۆتۆ: هاوکار سەڵاح

K24 - هەولێر

دابینکردنی هەلی کار یەكێکە لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم، حکومەتیش لە رێگەی دامەزراوەکان و کردنەوەی خولی راهێنان هەوڵدەدات توانای مرۆیی و هێزی کاری ناوخۆ بەکاربخات، سەرۆکی دەستەی ئامار ئاماژە بەوەدەکات، لەگەڵ ئەو خولانەی دەیکەنەوە پێویستەی پێداچونەوە بە سیستمی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانیش بکرێت، تا پیشەی جیاواز بخوێنرێت.

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "جگە لە راهێنان، خوێندنی پیشەیی و زانکۆ پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو پسپۆڕیانەی پێویستن بێنە ناو بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان".

دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاری کردووە کە لە ماوەیەکی نزیکدا خولی مەشق و راھێنان بکاتەوە، تا دەستی کاری ناوخۆ بەھێز بکات و ھەرێمی کوردستان پێویستی بەھێزی کاری دەرەکی نەبێت، دەستەی وەبەرھێنانیش پێویستیان بە دەستی کارە، بۆ زۆربەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، بەڵام وەک پێویست بەردەست نین.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بە کوردستان24ی گوت: "لە دەستەی وەبەرهێنان خەریکی راهێنانین، لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە خەڵک رادەهێنرێت، جگە لەوەش وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەندێک شوێنی تایبەتەی هەیە بە راهێنان لەسەر پیشە، ئومێد دەکەین ئەم سەنتەرانە لە داهاتوودا باشتر و بەرفراوانتر بکرێن، بەشێوەیەکی دیکە پێویستە خەڵک بچێت بە پارە راهێنان بکات و خۆی فێری پیشەی جیاواز بکات، بۆ ئەوەی بگونجێن لەگەڵ ئەو دەرفەتانەی کە لە بازاڕی کاردا هەیە".

ھەریەک لە وەزارەتی پلاندانان و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دەستەی ئامار و دەستەی وەبەرھێنان و چەند وەزارەتێکی تر، کار لەسەر بەھێزکردنی توانای مرۆیی  و ھێزی کاری ناوخۆ دەکەن، بە کردنەوەی خولی راھێنان و مەشقی جیاواز لەسەر ئەو پیشانەی کە بازاڕی کاری ھەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی، بەو ئامانجەی توانای مرۆیی گەنجان  بگاتە ئاستێک پێویستی بە ھێزی کاری بیانی نەبێت و کار لە بازاڕ و پڕۆژەکاندا بکەن.

ڤ،ع