ئەمەریکا سیستمی بەرگری مووشەکی پاتریۆتی لە سعوودیە کشاندەوە

چەند وڵاتێک لە سیاسەتی ئیدارەی بایدن نیگەرانن
سیتمی بەرگری مووشەکی باتریۆت - ئەرشیف - فۆتۆ: رۆیتەرز
سیتمی بەرگری مووشەکی باتریۆت - ئەرشیف - فۆتۆ: رۆیتەرز

K24 - هەولێر

سەرەڕای بەردەوامی هێرشە مووشەکیەکانی حوسییەکان لە یەمەنەوە بۆ سەر سعوودیە، بەڵام ئەمەریکا سیستمی بەرگری مووشەکی پاتریۆتی لەو وڵاتە کشاندوەتەوە.

سعودیە و وڵاتانی کەنداو و هاوپەیمانەکانی، نیگەرانن لە سیاسەتەکانی ئیدارەی بایدن، بەتایبەتی دوای شێواز و پلانی کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

لە کاتێکدا بە دەیان هەزار سەربازی ئەمەریکی هیشتا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی هەن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە توندڕەوەکان و دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە، بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانەش پێویستی بە هەبوونی سیستمی بەرگری مووشەکی هەیە.

سیستمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت لە بنکەی ئاسمانی شازادە سوڵتان لە 115 کیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی ریاز جێگیر کرابوو، ژمارەیەکی زۆر لە سەربازی ئەمەریکی بۆ کارپێکردنی سیستمەکە لەو بنکە ئاسمانییە جێگیر کرابوون، تاءیستا نەزانراوە، ئەمەریکا تەنیا سیستمەکەی کشاندووەتەوە، یان سەربازەکانیشی لە سعودیە کشاندوونەتەوە.