کازمی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسی کێشەی ئاو دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە تاران
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تاران لەلایەن سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لێکرا 12/9/2021 - تاران: فۆتۆ: ئێرنا
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تاران لەلایەن سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لێکرا 12/9/2021 - تاران: فۆتۆ: ئێرنا

K24 - هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە تاران و لەلایەن سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لێکرا، بڕیارە لەو سەردانەیدا کازمی، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسی کێشەی ئاو بکات.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12/9/2021، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە تاران و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لێکرا.

بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، لە کۆبوونەوەی نێوان کازمی و رەئیسی، گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکان دەکەن و هەر لە کۆبوونەوەکەشدا دۆخی ناوچەکەش تاوتوێ دەکرێت.

سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەش، مستەفا کازمی بەر لە چوونی بۆ تاران رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتە لە تەواوی بوارەکاندا.

ماڵپەری ئیرنای ئێران رایگەیاندووە، كازمی لەو سەردانەیدا باس لە كێشەی ئاوە ھاوبەشەكانی نێوانیان و پرسی نێوەندگیریكردنی ئێران و سعوودیە لەلایەن عێراق دەكات، ھاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆككۆماری ئێران باس لە ھەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق و  پرسە ئەمنییەكانی ھەردوولاش دەكەن.

مستەفا کازمی - ئیبراهیم رەئیسی
مستەفا کازمی - ئیبراهیم رەئیسی