بریندارێکی دیکەی شەڕەکەی خەبات گیانی لەدەستدا

لەسەر کێشەی منداڵان چوار کەس کوژران
دیمەنێکی شوێنی رووداوەکە
دیمەنێکی شوێنی رووداوەکە

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی بەهۆی کێشەی منداڵان، لە قەزای خەبات شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبوو سێ کەس گیانیان لەدەستدابوو، ئەمڕۆ کەسێکی دیکە کە لەو کێشەیە بریندارکرابوو گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەزای خەبات بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ کەسێکی دیکە بەناوی (رێگر) کە لە شەڕەکەی دوێنێ بریندار کرابوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا".

روونیکردەوە: "ئەو کەسەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە لەو بنەماڵەیە کە دوێنێ سێ کەسی بنەماڵەیەکی دیکەیان کوشتووە".

دوێنێ 11ی ئەیلوولی 2021، بەهۆی کێشەی منداڵان، شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەی قەزای خەبات دروستبوو، بەو هۆیەوە باوکێک و دوو کوڕ کوژران، ئەمڕۆش بریندارێکی دیکەی هەمان شەڕ گیانی لەدەستدا. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دوای رووداوەکە رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوانباران دەدرێنە دادگا.