تاڵیبان هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ر روون ده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2001 بۆ سه‌ر تاوه‌ری بازرگانی له نیۆیۆرك روونكرده‌وه و رایگه‌یاند، 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وان ئه‌و هێرشه‌یان ئیدانه كردووه.
سوهه‌یل شاهین، گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له لێدوانێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "Geo News"ی پاكستانی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه، كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه بزووتنه‌وه‌كه‌یان به‌نیازه رێوڕه‌سمی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی ئه‌فغانستان له یادی هێرشه خوێناوییه‌كاندا به‌ڕێوه ببات، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هێرشه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ر.
هه‌روه‌ها گوتی: به‌ر له 20 ساڵ گوتوومانه، ئه‌فغانیه‌كان هیچ كات به‌شداری له‌و جۆره هێرشه تیرۆرستیانه‌دا ناكات و پێشتریش ئیدانه‌مان كردووه.
سوهه‌یل شاهین ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌وكات تاڵیبان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی سازكرد و تێیدا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، كه ده‌بێت ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر ده‌ستنیشان بكرێن و خواستی خۆشی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان له‌ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه ده‌ربڕی و هۆشداری ئه‌وه‌شی دا، كه هه‌ر هه‌وڵێكی رۆژئاوا بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئه‌فغانستان به شكست كۆتایی دێت.
وه‌ك ئاماژه‌شی پێدا، "به‌ڵام گوێیان به هۆشدارییه‌كه‌مان نه‌دا و هێرشی سه‌ر ئه‌فغانستانیان كرد و به هه‌مان ئه‌و ئه‌نجامه‌ش كۆتایی هات، كه به‌ر له 20 ساڵ هۆشداریمان له‌باره‌یه‌وه دابوو".
له به‌رده‌وامی گوته‌كانیدا گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی تاڵیبان گوتی: تاڵیبان ئه‌و كات هیچ ئاگاداری پلانه‌كانی رێكخراوی ئه‌لقاعیده نه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ر، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سیاسه‌تی بزووتنه‌وه‌كه‌یان په‌یڕه‌وی ئه‌و ستراتیژییه‌ته ده‌كات، كه نابێت خاكی ئه‌فغانستان بۆ هێرشكردنه سه‌ر هیچ وڵاتێك به‌كاربهێندرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: نامانه‌وێت خاكی وڵاته‌كه‌مان بۆ ئه‌نجامدانی هیچ كرده‌یه‌ك به‌كاربهێندرێت و به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌زموونی پیشوومان، ئێمه ئاماده‌ین بۆ چه‌سپاندنی به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌و ستراتیژییه‌ته.
شاهین ئه‌و هه‌واڵانه‌شی ره‌تكرده‌وه، كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، گوایه به‌م دواییانه دانوستان له‌نێوان تاڵیبان و قاعیده‌دا هه‌بووه و گوتی: بزووتنه‌وه‌كه‌مان پابه‌نده به‌و رێككه‌وتنه‌ی له مانگی شوباتی 2020 له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له ده‌وحه واژۆمان كردووه و رێگه‌ش به هیچ رێكخراوێكی تیرۆرستی به قاعیده‌شه‌وه نادات، له‌ناو خاكی ئه‌فغانستان موماره‌سه‌ی چالاكییه‌كانی بكات.
H.B