ژنانی ئه‌فغانستان له‌نێوان نیقاب و حجاب-دا دابه‌شبوون
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
پۆلێك له كچان و ئافره‌تانی كابول به نیقاب-ه‌وه رێپێوانێكیان رێكخست به‌ره‌و زانكۆی په‌روه‌رده‌ی شه‌هید ره‌بانی، دواتریش له‌نێو هۆڵێكی فراواندا به ته‌نیشت یه‌كه‌وه دانیشتن وه‌ك پاڵپشتی و پشتیوانی به‌رامبه‌ر بڕیاری نوێی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا-ی تالیبان.
رێپێوانه‌كه له نزیكه‌ی 300 ژن پێكهاتبوو كه به نیقابه‌وه ته‌نیا چاویان به‌ده‌ره‌وه بوو، ئاڵایه‌كی تالیبان-یش به‌ده‌ستیانه‌وه، روویان له زانكۆی په‌روه‌رده‌ی شه‌هید ره‌بانی كرد.
رێپێوانه‌كه‌ی دوێنێ 12ی ئه‌یلول ده‌رخه‌ری راستییه‌كه كه ئافره‌تانی ئه‌فغانستان له‌نێوان نیقاب و حجاب-دا دابه‌شبوون.
پێشتر له راپۆرتێكی كوردستان 24دا ئاماژه به‌وه‌درا كه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا-ی تالیبان ته‌نیا سێ جۆر به‌رگی لا په‌سه‌نده ئه‌وانیش (سه‌رتاپای پۆشینی عه‌با -چیدۆر، نیقاب و بۆرقا)، وێرای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كوڕانیش جیاده‌كرێنه‌وه به په‌رده‌یه‌ك له پۆله‌كانیان.
تالیبان رێگه نادات كچان به حجاب-ی ئاساییه‌وه ده‌وام بكه‌ن و ته‌نانه‌ت یه‌كێكی تر له‌مه‌رجه‌كانی ئه‌وه‌یه كه كچان و كوڕان بۆیان نییه له‌ناو زانكۆ قسه پێكه‌وه بكه‌ن.
وه‌زیری خوێندنی باڵا -ی بزووتنه‌وه‌ی تالیبان رایگه‌یاند كه كچان ناتوانن به بێ پۆشینی چیدرۆ و نیقاب بچنه هۆڵه‌كانی خوێندنی زانكۆ و بڕیاره‌كه سه‌رتاسه‌ری ئه‌فغانستانیش ده‌گرێته‌وه.
عه‌بدولباقی حه‌قانی وه‌زیری خوێندنی باڵا به رۆیته‌رز ده‌ڵێت: حكومه‌تی نوێی تالیبان كه هه‌فته‌ی پێشوو ده‌ست به‌كاربووه ده‌یه‌وێت وڵاته‌كه بنیاتبنێته‌وه و نایه‌وێت میلی كاتژمێره‌كه بگێڕێته‌وه بۆ 20 سال َ له‌مه‌وبه‌ر له‌كاتێكدا بزووتنه‌وه‌كه ده‌ست ده‌كاته‌وه به‌كاركردن جارێكی دیكه، وتیشی: "تا بتوانین مامۆستایانی ئافره‌ت وانه به كچان ده‌ڵێته‌وه و پۆله‌كانیش جیاكراونه‌ته‌وه به په‌رده‌یه‌ك له‌نێوان كوڕان و كچان به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه بۆ شه‌ریعه‌تی ئیسلامی".
هه‌روه‌ها له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا له كابول جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه مامۆستای ئافره‌تیان زۆره، وتیشی: "باڵاپۆشی شێوه‌ی چیدۆر و نیقاب زۆره‌ملێیه بۆ هه‌موو قوتابیانی كچ له زانكۆكان".
ئه‌م پشتگیرییه‌ی كۆمه‌ڵێك له ژنانی ئه‌فغانستان به‌ته‌واوی كچانی زانكۆكانی ئه‌فغانستان ئه‌كات به دوو به‌ره‌وه به‌شێكیان سه‌رپۆشی و حجاب-ی ئاسایی و به‌شه‌كه‌ی تریان پۆشینی نیقاب كه لایه‌نگری بزووتنه‌وه‌ی تالیبانن.
به‌پێی راپۆرتێكی زه نیویۆرك تایمز، ئه‌و ژنانه‌ی كه خۆپیشاندانیان كرد به‌رگێكی ئیسلامیانه‌یان پۆسیبوو كه پێی ده‌وترێت نیقاب و زیاتر ژنانی وڵاتانی كه‌نداو و سه‌له‌فییه‌كانی سووننه ده‌یپۆشن.
به‌پێی نیویۆرك تایمز ئه‌و پۆڵه ئافره‌ته ده‌یان دروشمیان به زمانی ئینگلیزی به‌رزكردبۆوه وه‌ك پاڵپشتی تالیبان ته‌نانه‌ت له هه‌ندێكیاندا داوای جیاكردنه‌وه‌ی كچان و كوڕان-یان ده‌كرد له زانكۆ وه‌ك قوتابخانه‌كانی ئاماده‌یی بۆئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه و له زانكۆی خۆی بخوێنێت.
یه‌كێك له دروشمه‌كان نووسرابوو: "ئێمه رازین به ره‌فتاری خۆبه‌ختكه‌رانی تالیبان".
نوێنه‌ری خۆپیشاندانه‌كه به فرانس پرێس-ی وتووه كه خۆپیشاندانه‌كه له‌زانكۆی په‌روه‌رده‌یی شه‌هید ره‌بانی بووه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زنجیره خۆپیشاندانه‌ی كه هه‌فته‌ی پێشوو له‌لایه‌ن ژنانه‌وه كرا به‌رامبه‌ر داواكردنی یه‌كسانی له مافه‌كانیان.
به‌پێی نیویۆرك تایمز ته‌واوی خۆپیشاندانه‌كانی پێشوو به تفه‌نگ و گولله وه‌ڵامیان دراونه‌ته‌وه و هیچ ژنێكیش له‌نێو خۆپیشاندانه‌كانی هه‌فته‌ی پێشوو رێگه‌ی پێنه‌درا بۆ میدیاكان قسه بكات.