پارتی لە سلێمانی دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد
K24 – هەولێر
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی دەستپێکردووە، بەرپرسانی پارتی لە سلێمانی باس لەوە دەکەن کە ئەوان پابەندی رێنماییەکانی سەرۆک بارزانی دەبن و بانگەشەکانیان دیموکراسیانە و ھێمنانە دهبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم کەرنەڤاڵی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لە سلێمانی دەستپێکرد، ئەندامان و لایەنگرانی پارتی بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری بانگەشەکان دەکەن و ھەوڵ بۆ سەرخستنی کاندیدانی حزبەکەیان دەکەن.
سەرۆک بازرانیش پێشتر داوای کردبوو کە بانگەشەکان بە ئارامی بەڕێوەبچن، بەرپرسێکی پارتیش لە سلێمانی رایگهیاند، پارتی حزبێکە پابەندی ڕێنماییەکانی سەرووی خۆی دەبێت و رێنماییەکانی سەرۆک بارزانی وەکو خۆی جێبەجێدەکەن .
حەسەن جەباری، کارگێڕی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگهیاند، کادر و ئەندامانی پارتی شانازی بەوەوە دەکەن لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ھەمیشە بە جۆرێک بانگەشەیان کردووە دەروونی ھاوڵاتیانیان ماندوو نەکردووە، بۆ ئەم ھەڵبژاردنەش ھەمان ڕێچکە دەگرنە بەر و بە ئارامی بانگەشە دەکەن
مەریوان حەمە عەلی، ئەندامی مەکتەبی ھەڵبژاردنی لقی چواری پارتی، ئاماژهیپێكرد، بەڕێوەچونی بانگەشەیەکی ھێمن و دیموکراسیانە وا دەکات ھاووڵاتیان زیاتر لە کارنامە و بەرنامەی کاندیدەکان تێبگەن و لە ڕۆژی دەنگداندا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
روونیكردهوه، پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە، بانگەشەیەک وا لە ھاووڵاتی بکات ماندوو بێت و ژیانی ئاسایی تێکبدات لە پڕۆسەی دەنگدانیش ساردی دەکاتەوە .
ك.ب