چوار کورد رکابەری لەسەر بوون بە ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکەن

هەڵبژاردنەکانی رابردووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق
هەڵبژاردنەکانی رابردووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق

سبەی لە بەغدا هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکرێت و چوار کورد رکابەری لەسەر بوون بە ئەندامی فیدراسیۆنەکە دەکەن.

سبەی سێشەممە 14ـی سێپتێمبەری 2021 کاتژمێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ لە بەغدا هەڵبژاردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکرێت، کە چوار کورد کێبڕکێ لەسەر بوون بە ئەندامی فیدراسیۆنەکە دەکەن و هیچ کوردێک خۆی بۆ جێگری یەکەم و دووەم و سەرۆکی فیدراسیۆنەکە بەربژێر نەکردووە.

دکتۆر ئەحمەد کۆچەر، ئەندامی دەستەی کاتی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند '26 کەس خۆیان بۆ 10 کورسی ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەربژێر کردووە کە بەگوێرەی یاساکانی فیفا دەبێت 9 پیاو و خانمێک دەربچن و ئەو خانمەی خۆی بەربژێر کردووە بە کۆتا دەردەچێت و ئەوانی دیکەش رکابەریی لەسەر نۆ کورسی ئەندامەکەی دیکە دەکەن، عەلی جەبار بۆ پۆستی جێگری یەکەم و یونس مەحموود بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی فیدراسیۆن خۆیان بەربژێر کردووە و تا ئێستا هیچ کەسێک لە هەڵبژاردنەکان نەکشاوەتەوە'.

هەریەکە لە گۆڤەند عەبدولخاڵق ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر، تەها زاخۆیی ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ، مەحموود ئەحمەد جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و دیار فەخرەدین لە کەرکووک خۆیان بۆ ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەربژێر کردووە.

عەدنان درجال وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و شەرار حەیدەر سەرۆکی یانەی کەرخ رکابەرییی لەسەر سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکەن و لە رکابەرییەکی سەختدان و بەگوێرەی پێشبینی چاودێران تا دوایین ساتەکان چانسی هەردووکیان بۆ بردنەوە وەکو یەکە، کە پێشتر کورد بۆ ماوەی شەش ساڵ ئەو پۆستەی لەدەست بوو، ساڵی 2014 عەبدولخاڵق مەسعوود بووە یەکەم کورد ببێتە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 بۆ جاری دووەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام سەرەتای ساڵی رابردوو دەستی لە پۆستەکە کێشایەوە و ئەیاد بنەیان وەکو سەرۆکی دەستەیەکی کاتی شوێنی گرتەوە.