باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق: له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵمه‌تێك بۆ راماڵینی داعش ئه‌نجام ده‌ده‌ین

"بایدن پێشتر گووتوویه‌تی ئاسایشی عێراق، ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌"
ماتیۆ توله‌ر / باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق
ماتیۆ توله‌ر / باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق

K24 – هەولێر:

ماتیۆ توله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، رایگه‌یاند، له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا هه‌ڵمه‌تێك بۆ راماڵینی داعش له‌ عێراق ئه‌نجام ده‌درێت، كه‌ دواتر رۆڵی ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و قۆناغێكی دیكه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت.

راشیگه‌یاند، له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ و كاتی كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، تاران هه‌وڵ ده‌دات بۆشاییه‌كان پڕ بكاته‌وه‌.

ئاماژه‌یپێكرد، هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك لایه‌نگر بن بۆ ئێران، دژی واشنتنه‌، بایدن پێشتر گووتوویه‌تی كه‌ ئاسایشی عێراق، ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌.

جه‌ختیكرده‌وه‌، له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان هه‌ڵمه‌تێك بۆ راماڵینی چه‌كدارانی داعش ئه‌نجام ده‌ده‌ن، رۆڵی ئه‌مه‌ریكا له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ دروستكردن و به‌هێزكردنی سوپای عێراقه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زامنی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ داعش دووباره‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.

روونیكرده‌وه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق، به‌شداربوون له‌ شكاندنی داعش، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا زانیاری هه‌واڵگری به‌و دوو سوپایه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌یان له‌ (2014) به‌ده‌ستهێنا.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌،  ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی ته‌واوی عێراق.

ئاماژه‌شیپێكرد، دراوسێكانی عێراق هه‌وڵ ده‌ده‌ن میلیشیاكان چالاك بكه‌نه‌وه‌، هه‌موو پێكهاته‌یه‌كی لایه‌نگر له‌گه‌ڵ ئێران دژی ئه‌مه‌ریكایه‌.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحوره‌

ك.ب