سبەی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

بەپێی گشتاندنێک کە بڵاوکراوەتەوە بەستنی ماسک ناچارییە
قوتابیانی یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی شاری هه‌ولێر
قوتابیانی یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی شاری هه‌ولێر

K24 – هەولێر:

سبەی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و وەزیری پەروەردە داوا لە دایکان و باوکان دەکات هاوکاری مامۆستایان بن لە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە دیدارێکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت ئەمساڵیش سێ ملیار دیناری بۆ پاڵپشتیکردنی قوتابخانەکان تەرخانکردووە و لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا 600 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و 50 قوتابخانەی نوێش کراونەتەوە ، بەڵام هێشتا پیویستمان بە قوتابخانەی زیاترە.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن چەند رێنماییەک ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەکات، بەپێی گشتاندنێکیش کە بڵاوکراوەتەوە بەستنی ماسک ناچارییە.

بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە لەبارەی خوێندن: 

یەکەم/ لیژنەی هەماهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردە بە سەرپەرشتی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، کارا دەکرێتەوە بۆ هەماهەنگی و کاری پێویست. 

دووەم/ ماسک پۆشین بۆ ستافی کارگێڕی و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییان لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن، ناچارییە، لە حاڵەتی هەر سەرپێچییەک، دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا بۆ گرتنەبەری رێکاری کارگێڕی پێویست. 

سێیەم/ وەک قۆناغی یەکەم، وەزارەتی پەروەردە، دوو ملیۆن و 500 هەزار ماسک و 50 هەزار پاککەرەوەی دابینکردووە بۆ ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، دەبێت دابەش بکرێت بەسەر ناوەندەکانی خوێندن بۆ ستافی کارگێڕی قوتابخانە و مامۆستایان. 

چوارەم/ وەزارەتی تەندروستی لە دابینکردنی ڤاکسین و تایبەتکردنی سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین، ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە، پێویستە بە بەرنامەیەکی کاراتر هەماهەنگی بکرێت و لەپێناو پاراستنی ستافی کارگێڕی و مامۆستایان ڤاکسین وەربگرن.

پێنجەم/ پاش بڕیاری کردنەوەی فرۆشگای قوتابخانەکان، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکرێت و ئەو کەسەی لە فرۆشگا کار دەکات، ڤاکسین وەربگرێت و ماسک بپۆشێت. 

شەشەم/ پێویستە ستافی کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن لە سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بە هەر میکانیزمێک بە گونجاوی بزانن، پەیوەندییان لەگەڵ بەخێوکاری منداڵان و قوتابییان کارا بێت بۆ ئامۆژگاریدان و راسپاردنیان بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی. 

حەوتەم/ بە مەبەستی سەلامەتی و پاراستنی منداڵان و قوتابییان، لە ناوەندەکانی خوێندن، پێویستە ستافی کارگێڕی و مامۆستایان و رێنماییکاران، لە سەرەتای ساڵی خوێندن رۆڵ ببینن لە پێدانی ئامۆژگاری و زیاتر هۆشیارکردنەوەی منداڵان و قوتابییان لە چۆنیەتی رێکارەکانی خۆپارێزی بە شێوەیەکی پەروەردەییانە کە ئامانجەکە پێدانی هۆشیاری بێت نەک دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ. 

هەشتەم/ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە هەماهەنگی بکەن، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی بۆ ئەوەی لە ناوەندەکانی خوێندن پزیشک و کارمەندی تەندروستی شارەزا لە بواری خۆپاریزی رێنمایی و ئامۆژگاری تەندروستی پێشکەش بە منداڵان و قوتابییان بکەن، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئەم کارە لە چوارجێوەی پلانی نووسراو هەبێت لەلایەن پەروەردەی قەزاوە ناوەندەکانی خوێندن ئاگادار بکرێنەوە لە ناوی سەردانیکار و رۆژ و کاتەکە. 

ك.ب