حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ملیارێک و (500) ملیۆن دیناری بۆ قه‌زای رواندز دابینكرد

"به‌ ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌و ئیماكانیه‌ته‌ى له‌ به‌رده‌ستماندایه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا خزمه‌تگوزاریی به‌سه‌رجه‌م گوند و ناحیه‌ و قه‌زاكانى سنوورى پارێزگای هه‌ولێر ده‌گه‌ینین"
قه‌زای رواندز
قه‌زای رواندز

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هه‌ولێر بڕی (1,500,000,000) ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دیناری بۆ به‌ردى بناغه‌ى چه‌ند پڕۆژه‌ىه‌ك له‌ ڕواندز راگه‌یاند.

پارێزگای هه‌ولێر، له‌ په‌یجی فه‌رمی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاند، له‌سه‌ر بودجه‌ى پارێزگا و لە چوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی هەولێر، به‌گوژمه‌ى (1,500,000,000) ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینار، لە سنووری قەزای ڕواندز دەست بە ئەنجامدانی چه‌ند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی كرا.

دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌كانی رواندز
دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌كانی رواندز

راشیگه‌یاند، به‌ ئاماده‌بوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، به‌گوژمه‌ى (450,206,250) چوارسه‌د و په‌نجا ملیۆن و دووسه‌د و شه‌ش هه‌زار و دووسه‌د و په‌نجا دینار، له‌سه‌ر بودجه‌ى په‌ره‌پێدانى پارێزگاى هه‌ولێر، له‌ڕێوره‌سمێكدا، به‌ردى بناغه‌ى پڕۆژه‌ى كۆنكرێتكردنى شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ قه‌زاى ڕواندز و به‌ردی بناغه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و كۆنكریتكردنى چه‌ند شه‌قامێكى لاوه‌كى له‌ سنوورى ناحیه‌ى وه‌رتێ، دانرا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ پارێزگارى هه‌ولێر رایگه‌یاند، دەستمان كردووه‌ بە ئەنجامدانی چه‌ند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی له‌ رواندز، کە بەشێکیان پرۆژەی تەواو نەکراون و بەشێکی تریشیان پرۆژەی تازەن.

پارێزگاری هه‌ولێر له‌كاتی دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌كانی رواندز
پارێزگاری هه‌ولێر له‌كاتی دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌كانی رواندز

جه‌ختیكرده‌وه‌، به‌ ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌و ئیماكانیه‌ته‌ى له‌ به‌رده‌ستماندایه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا خزمه‌تگوزاریی بگه‌ێنین به‌سه‌رجه‌م گوند و ناحیه‌ و قه‌زاكانى سنوورى پارێزگاكه‌مان.

ك.ب