هه‌ڵه‌بجه.. به‌شێك له كاندیدان به‌ڵێنی قه‌به به خه‌ڵك ده‌ده‌ن
K24- هه‌ڵه‌بجه:
چەند رۆژێکە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق له هه‌ڵه‌بجه بە چڕی دەستیپێکردوه، به‌ڵام زۆربەی کاندیدەکان کارنامەیان روون نییە و ئەوەی دەیڵین پەیوەندی بەکاری پەرلەمانیەوە نیە، چاودێرێكی سیاسیش دەڵیت: ئەو نوێنەرانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق پێویستە داکۆکی لە مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، نەك باس لەدابینکردنی خزمەتگوزاری، چونکە ئەوە کاری ئەوان نیە و کاری حکومەتی هەرێمی كوردستانه.
ئه‌شواف جاف، كاندیدی پارتی بۆ هه‌ڵباژدرنه‌كانی عێراق له هه‌ڵه‌بجه گوتی: ئێمه كار بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور ده‌كه‌ین، كه تا ئێستا به‌رامبه‌ر به كورد جێبه‌جێ نه‌كراوه و گوتیشی: ئه‌ركی په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق جیاوازه له ئه‌ركی په‌رله‌مان و حكومه‌تی كوردستان، ئه‌وه‌ی ده‌بێته په‌رله‌مانتار و ده‌چێته به‌غدا، ئه‌ركی ئه‌وه‌یه داكۆكی له مافه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكات و هه‌وڵ بۆ ره‌وایه‌تیدان به‌و یاسایانه بدات، كه زامنی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردن.
هاوكات دلشاد ناميق، چاودێرکی سیاسیش پێی وایە، کارە خزمەتگوزارییەکان ئەرکی حکومەتی ھەرێمە نەك پەرلەمانتار، بۆیە پێویستە ئەو کاندیدانە بەڵێنێك به خه‌ڵك بدەن، کە له چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانیدا بێت و توانای جێبه‌جێكردنیان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر توشی خه‌جاڵه‌ت نەبن، چونكه كاری ئه‌وان ره‌وایه‌تیدانه به یاسا له‌سه‌ر ئاستی عێراق.
کەمتر لە مانگێك ماوە تاوەکو ھاوڵاتیان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەڵام بەشێك لە کاندیدەکان وێنە گەورەکە کە پەرلەمانی عێراقە و داکۆکیکردنە لە مافە دەستوری و یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان، به‌لاوه ناوه و باسی کێشەکانی نێو ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەکەن، كه مه‌به‌ست لێی بۆ بەدەستھێنانی دەنگی ھاووڵاتیانه.
H.B