کارنامەی زۆر لە کاندیدەکان روون نییە

بانگەشەی هەندێکیان پەیوەندی بەکاری پەرلەمانییەوە نییە
سندووقی هەڵبژاردن
سندووقی هەڵبژاردن

K24 – هەڵەبجە

چەند رۆژێکە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بە چڕی دەستیپێکردووه، ئەوەی تێبینی دەکرێت زۆرینەی کاندیدەکان کارنامەیان روون نییە، تەنانەت بانگەشەی هەندێکیان پەیوەندی بەکاری پەرلەمانییەوە نییە. چاودێرێکی سیاسیش دەڵێ، ئەو نوێنەرانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق پێویستە داکۆکی لە مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، نەک باسی دابینکردنی خزمەتگوزاری، چونکە ئەوە کاری ئەوان نییە و کاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

د. ئەشواق جاف، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "ئەرکی پەرلەمان و حکومەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازە، لە پەرلەمانی عێراق دەبێ پەرلەمانتار بەرگری لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بکات".

ئەو نوێنەرانەی ھاووڵاتییان متمانەیان پێدەدەن پێویستە لە پەرلەمانی عێراق داکۆکی لە مافە دەستووری و یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.

دڵشاد نامیق، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "ئەو کاندیدانەی دەبنە پەرلەمانتار و دەچنە پەرلەمانی عێراق، کاری سەرەکی ئەوان داڕشتنی یاساییە لەسەر ئاستی عێراق، هەروەها ئەرکی ئەوان داکۆکیکردنە لە مافەکانی کورد لە چوارچێوەی عێراق".

گوتیشی: "ئەو کاندیدانە نابێ بەڵێنی گەورە بدەن یان بەڵێنی شتێک بدەن کە لە دەسەڵاتی ئەوان نییە، دەبێ بەڵێنەکانیان گشتی بێت بۆ بەرگریکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، نەک بۆ خەڵکی ناحیە و گوندێک، چونکە ئەمە ئیشی ئەوان نییە، بەڵکو ئەو بەڵێنانە هی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکانە".