فازڵ میرانی: پارتی لە هەڵبژاردن بە حزبی یەکەمی عێراق دەمێنێتەوە

کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق کێشەی عەقڵیەتە، نەک حزب و مەزهەب
فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی حزبی یەکەم بوو، ئەمجارەش هەر بە حزبی یەکەم دەمێنێتەوە و دووپاتیشیکردەوە کە یەکریزی نێو ماڵی کورد لە بەغدا لە دوای هەڵبژاردن زۆر گرنگە و هەر بە یەکڕیزیش دەتوانن مافەکانی کورد بپارێزن.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دانوستان و رێککەوتنی لایەنەکان دوای هەڵبژاردن، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەریدەخات لایەنەکان کێ لەگەڵ کێ دانوستان دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی حزب و هاوپەیمانی گەورەن، دڵنیام پشت بە خوا و دەنگدەرانی خۆمان، پارتی لە هەڵبژاردنی رابردوو حزبی یەکەم بوو، لەم هەڵبژاردنەش حزبی یەکەم دەبێت".

گوتیشی: "عێراق لە پیکهاتە و مەزهەبی جیاواز پێکهاتووە، مامەڵەی ئێمەی کورد و کوردستانی لەگەڵ بە‌غدا بە کورسی نابێت، ئێمە نەتەوەی دووەمین لە عێراق، بەڵام ئەگەر هەموومان پێکەوەبین بەهێزترین و حیسابی زیاترمان بۆ دەکرێت، بەڵام ئەگەر جیاجیا بین، ئەوان بە دیدی خۆیان مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، چونکە کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق کێشەی عەقڵیەتە، کێشەی ناو و حزب و کەس و مەزهەب نییە، ئەوان بەو عەقڵیەتە و ئێمەش بە پەرتەوازەیی مامەڵەی ئەوان لەگەڵمان راست نابێت".