ئه‌مریكا یه‌په‌گه‌ ده‌رده‌كات

ئه‌مریكا: ده‌بێت یه‌په‌گه‌ له‌شاری منبه‌ج بكشێته‌وه‌

 K24 – هه‌ولێر

فەرماندەیەکی سەربازی سوپای ئەمریکا ئاشکرای دەکات کەوا ئەمریکا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) یان ئاگادار کردووەتەوە لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی منبجی سووریا، پێویستە شەڕڤانانی یەپەگە لەو شارۆچکەیە بکشێنەوە، عەرەبەكانیش سەرپەرشتی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەكەن نەك یەپەگە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکا، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند کە لەسەر فەرمانی ئەوان و بۆ رەچاوکردنی نیگەرانییەکانی تورکیا، زۆربەی ئەو شەڕڤانانەی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی منبجدا دەکەن عەرەبن و رێژەی شەڕڤانی کورد لە نێو ئەو هێزانەدا کەمە.

کریس گارڤەر، گوتەبێژی سوپای ئەمریکا بەو رۆژنامەكه‌ی گوتووه‌، کۆنتڕۆڵکردنەوەی منبج گرنگە، چونكه‌ رێگەی سەرەکی داعش بۆ ناو شاری رەقە دەپچڕێنێت.

شارۆچکەی منبج کەوتووەتە سەر سنووری تورکیا، بۆیە ئەنقەرە نیگەرانە لەوەی ئەگەر کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە و بکەوێتە دەست یەپەگە، تورکیاش ئەم نیگەرانییەی گەیاندووەتە بەرپرسانی ئەمریکا.