راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پەسندکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ گونجاندنی یاساكانی حکومەتی هەرێمە لەگەڵ رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان

"ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی (پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025)ی پەسەند کرد"
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی (15/9/2021) لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، (پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025ی پەسند کرد، کە لە لایەن نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئامادە کراوە. 

لەم بارەوە د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی (پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025)ی پەسند کرد، کە لە لایەن لیژنەی نیشتمانی بۆ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ئامادەکرابوو، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی 6/5/2021 دەسپێکردنی پلانەکە راگەیەنرا.

حکومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی سەرەتایی دانانی پلانی نیشتیمانی تاکو پەسەند کردنی بەشێک بوو لە داڕشتنی ناوەڕۆکی هەنگاوەکان، بە هەمان شێوەش پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ هاوشێوەی پلانی نیشتیمانی ئامادە کرا بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی حکومەتی هەرێم و ئەو راسپاردانەی لە میانەی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان (UPR) ئاراستەی هەرێم کرا. 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دەربارەی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پلانەکە گوتی: پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ بە بەشداری و راوێژکردن بە دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی)، گشت وەزارەت، فەرمانگە،  دەستە، کۆمەڵگای مەدەنی، رێکخراوە ناحکومییەکان، سەندیکا پەیوەندیدارەکان و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، وەک لایەنی چاودێر لە جێبەجێکردنی پلانەکە ئامادە کراوە،  پلانەکە لە (27) بەش پێکدێت و گشت بوارەکان لە خۆ دەگرێت، لە هەمان کاتدا دەبێتە نەخشەی رێگای بەهێزکردنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی داهاتوودا، بەتایبەتی یاسا و سیاسەتەکانی تایبەت بە حوکمڕانیی باش و شەفافیەت کە بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

دیندار زێباری زیاتر گوتیشی:  ئامانجی پلانەکە گونجاندنی یاسا و بڕیاره‌ بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمە لەگەڵ رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پتەوکردنی ئەو دەستکەوتانەیە کە تا ئێستا لە بواری حوکمڕانیدا بەدیهاتوون و بونیادنراون، هەروەها پتەوکردنی توانای دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمە لەو بوارە، ئەمەش بە هەماهەنگی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەدی دەهێنرێت. 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر تەحەدییەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە راشیگه‌یاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین تەحەدی ئابووری، سیاسی و ئەمنی بۆتەوە، بەڵام حکومەت هەرێم پابەند بووە بە جێبەجێکردنی ئیلتیزاماتی خۆی و  دەستکەوتی زۆری بەدەستهاتوون بەتایبەتی لە دەرکردنی یاسا و رێنماییەکان لەوانە: پاراستنی مافی پێکهاتەکان، پشووە رەسمییەکانی پێکهاتەکان، نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، پاراستنی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت، کاری رۆژنامەوانی، رێکخستنی خۆپیشاندان، زمانەکان،  دەستەی نەزاهە، پێکهێنانی کۆمەڵەکان و چەندین یاسای تر.

سەبارەت بە ستراتیژیەتی پلانەکە دیندار زێباری ئاماژه‌یپێكرد: پلانەکە پشت بە کۆمەڵێک ئیجرائات و کاری پێشینە لە جێبەجێکردن دەبەستێت لە ماوەیەکی دوورمەودادا لەوانە: پێداچوونەوەی یاساکان و پێشنیار کردنی هەموارکردنەوەیان لە کاتی پێویست، فەراهەم کردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، دانانی بەرنامەی مەشق و راهێنان بۆ دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و کار کردن بۆ مسۆگەرکردنی یەکسانی تەواو بۆ تاکەکان لە دابینکردنی دەرفەتەکان و پیادە کردنی گشت مافەکانیان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژه‌یپێكرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ زامنکردنی پاراستن و پتەوکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەو ئازادیانەی لە دەستوور و یاسای بەرکارەکان و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هەردوو بەڵێننامەی نێودەوڵەتی و پرۆتۆکۆلەکان و بەڵگەنامەکانی تری پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان پێکراوە.

ك.ب