یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی تیمێك دەنێرێتە عێراق

"دەستوەردان لە کاروباری هەڵبژاردن ناکەین، بەڵکو تەنیا چاودێری دەکەین"
ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن تاوبادێل، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق
ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن تاوبادێل، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

بۆ یەکەمجار یەکێتی ئەوروپا تیمێک بە فەرمی دەنێرێتە عێراق بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن و سەرۆکی تیمەکەش رایدەگەیەنێت، ئەوان دەستوەردان لە کاروباری هەڵبژاردن ناکەن، بەڵکو تەنیا چاودێریی دەکەن و جەختیش دەکاتەوە، بۆ ئەوان گرنگە هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی ئارام و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و دوور بێت لە هەموو توندوتیژییەك.

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن تاوبادێل، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "ئەمە بۆ یەکەمجارە یەکێتی ئەوروپا تیمێکی فەرمی چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن رەوانەی عێراق بکات. چاودێرانی یەكێتی ئەوروپا هاتوونەتە ئێرە بەمەبەستی چاودێریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت".

گوتیشی: "هەڵسەنگاندنێکی بێلایەنە لەسەر پڕۆسەکە بکەین و بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردان لەکاروباری هەڵبژاردنەکانی ناکەین. دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە، کە چەند گرنگە هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی ئارام و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و دوور بێت لە هەموو توندوتیژییەک".

نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، وەکو پیشە هەمیشەییمان لە چاودێریکردنی هەر هەڵبژاردنێك، لە عێراقیش ئێمە لەسەر داوای حکومەتی عێراقی چاودێری ئەو پڕۆسەیە دەکەین، ئێستا 20 چاودێری هەڵبژاردنەکان ئەندامی تیمەکەمان و دەستیان کردووە بە ئەرکەکەیان لەسەرەتایی ئەم مانگەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لەو ماوەیەشدا چاودێرانمان گفتۆگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەڵبژاردنەکە دەکەن، بەڵام هەمیشە بێلایەن دەمێنینەوە و دەستوەردان لە هیچ کاروبارێکی هەڵبژاردنەکان ناکەن.

د.ی