کۆمیسیۆن: چەندین هەوڵمان بۆ ساخته‌كاری شكست پێهێناوه‌

"بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، 880 چاودێر بەسەر نوسینگەکانمان دابەش دەکرێن"
كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن 880 چاودێری بۆ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن داناوه‌
كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن 880 چاودێری بۆ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن داناوه‌

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دڵنیایی لەبارەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەدات و  رایدەگەیەنێت، چەندین هەوڵیان بۆ ئەنجامدانی ساخەتەکاری و دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکان شکست پێهێناوە. لەبارەی فرۆشتنی کارتەکانی دەنگدانیشەوە، لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیان، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە ئاشکرای کرد کە ئەو دەنگۆیەیان بیستووە بەوەی دەنگدەران دەنگی خۆیان دەفرۆشن بەڵام ئاشکراشی کرد کە وا کۆمسیۆن چەندین رێکاریان دیارییکردووە بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیە.

وەک کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە تەواوکراون، سەرۆکی کۆمسیۆنەکەش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەرکاندیدێک کارتی دەنگدان بکڕێت و لەسەری ئاشکرابێت، ئەوا کۆمسیۆن مافی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن لێدەستێنێتەوە.

دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "ئەوەی لەملاو ئەولا دەبیستین لەبارەی فرۆشتنی کارتی دەنگدان لەلایەن بەشێک لە هاووڵاتیان، نازانم چۆن ئەوانەی دەیانکڕن چۆن بەکارییان دێنن، چونکە کۆمسیۆن کۆمەڵێک رێکاری توندی بۆ دەنگدان داناوە".

لەبارەی چاودێرانی هەڵبژاردنیشەوە، دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف دەڵێت، 130 چاودێری سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، چاودێری هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و بە چاودێرانی ناوخۆییشەوە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 880 کەس.

گوتیشی: "نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریداوە بە ناردنی چاودێران، ژمارەیان 130 کەسە، هەروەها 150ی دیکەش زیادکراون، پێموایە لەوانەیە نزیکەی 600 چاودێری ناوخۆییش هەبن، کۆی گشتی 880 چاودێر دەبن، بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە بەسەر نوسینگەکانمان دابەش دەکرێن".

سەرەڕای دڵنیاییەکانی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام تا ئێستا بەشێکی زۆری عێراقییەکان هەست بە رەشبینی دەکەن و لەو بڕوایەدانین پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، دەنگدانێکی دادپەروەر بەرهەم بێنێت.

د.ی