"له‌ دوای نه‌مانی مێسی، بارسێلۆنا رووخاوه‌"

لە دوای رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە یانەی بارسێلۆنا، ئەنجامەکانی ئەو یانەیە وەکو پێویست نەبووینە، سەرەڕای ئەمەش کارگێری یانەکە هاندەرەکانیان دڵنیادەکەنەوە یانەکەیان لە دوای سەردەمی لیۆش دەتوانێت رکابەری لەسەر ناسناوەکان بکات، بەڵام بەشێک لە هاندەرانی ئەو یانەیە، گەشبین نین بە داهاتووی یانەکەیان.

یانەی بارسێلۆنا سەرەڕای ئەوەی ئەم هاوینە باشترین یاریزانی لە دەستداوە ئەویش بەهۆی کێشەی داراییەکانی کە سەریان هەڵداوە، بەڵام سەرۆکایەتی ئەو یانەیە دڵنیان کە ئەوان لە دوای سەردەمی مێسیش سەرکەوتوو دەبن و هەموو کەم و کورتیەکان چارەسەر دەکەن.

یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی بارسێلۆنا لە دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵداوە، ئەویش قەیرانی دارایی بووە، کە سەرۆکایەتی نوێی ئەو یانەیەی ناچار کردووە دەستبەرداری چەندن یاریزانی یانەکەیان بە تایبەت ئەفسانەکەیان لیۆنێل مێسی بن، قەرزەکانی ئەو یانەیە سنووری یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

پێش ئەوەی وەرزی نوێ دەست پێ بکات و دوای هاتنی خوان لاپۆرتا، ئومێدێک بۆ مانەوەی ئەفسانەی یانەیە هەبوو و دەگوتراش کە هەردوولا لەسەر گرێبەستێکی پێنج ساڵە رێکەوتون، بەڵام دوای لێکدانەوەی خەرجی و داهاتەکان، هەموو شتێک پێچەوانە بووەوە.

رۆژنامه‌نووسێك پێیوایه‌ بارسێلۆنا رووخاوه‌

جۆزێپ سۆلدادۆ، رۆژنامەنوسی وەرزشی ئیسپانیا ده‌ڵێت: '' هاندەرانی بارسێلۆنا دەبێت پشوو درێژ بن، چونکە کاتی دەوێت تاوەکو یانەکەیان دەگەڕێتەوە سەر رێچکەی رکابەری کردن لەسەر ناسناوەکان، من پێموایە مێسی لە توانایدا هەبوو دوو تاوەکو سێ ساڵی دیکەش بە باشترین شێوەی یاری بۆ بارسا بکات، هەرچەندە ئەو یانەیە پێویستە سەر لە نوێ دەست پێ بکاتەوە و ئەو شوێنە ئاوا بکاتەوە کە روخاوە ''.

مێسی هاوکاری یانەکەی کرد بۆ ئەوەی لە سەردەمی ئەودا 35 ناسناو بەدەست بێنن، لەوانەش چوار چامپیۆنزلیگ، 10 لالیگا، 7 جامی شا و 8 جامی سوپەری ئیسپانی، بۆیە زۆربەی هاندەرانی ئەو یانەیە ناتوانن دڵنیابن کە بەم زووانە یاریزانێکی لەم شێوەیە لە کامپ نۆ دروست ببێتەوە.

هانده‌رێك: هیچ هیوایه‌كمان نه‌ماوه‌

فران ماتامارا یه‌كێك له‌ هانده‌ره‌ سه‌رسه‌خته‌كانی بارسێلۆنا ده‌ڵێت: لە ئێستادا ئێمە هیچ هیوایەکمان بە یانەکەمان نییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوەش نییە کە بە تەواوەتی بێ هیوابین، پێویستە ئارامبگرین و بە داهاتووی یانەکەمان گەشبین بین، دڵنیام یانەکەمان دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر رێچکەی راستەقینەی خۆی ''.

کارگێری یانەی بارسێلۆنا لە پێناو رزگار بوون لە قەیرانەکان و بارگرانیەکانیان، تەنها رێگەیان ئەوە بوو دەستبەرداری لیۆنێل مێسی ئەفسانەی مێژوویی یانەکەیان بکەن، بە پێچەوانەوە بەهۆی مووچە زۆرەکەی، بارگرانیەکەی زۆرترین بۆ ئەو یانەیە دروست دەکات.