سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى لۆردانى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌رده‌واميى پشتگيريى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى لۆردان و حكوومه‌تى به‌ريتانيا له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى لۆردانى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى لۆردانى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه

K24 – هه‌ولێر:

له‌ دووه‌مين ڕۆژى سه‌ردانه‌ فه‌رمييه‌كه‌يدا بۆ شانشينى يه‌كگرتوو، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2021/9/16 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ لۆرد جۆن ماكفۆل، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى لۆردان له‌ په‌رله‌مانى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عيراق و ناوچه‌كه‌، پرۆسه‌ و ژيانى سياسى له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو، په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا، شه‌ڕى دژى تيرۆر، كۆڤيد_19، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، كاريگه‌رييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا له‌سه‌ر عيراق و هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جيى بايه‌خى هاوبه‌ش، بيروڕايان ئاڵوگۆڕ كرد.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان  له‌گه‌ڵ لۆرد جۆن ماكفۆل
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لۆرد جۆن ماكفۆل

لۆرد ماكفۆل ستايشى پرۆسه‌ى ديموكراسى له‌ هه‌رێمى كوردستان و دانانى كۆتا بۆ مسۆگه‌ر‌كردنى به‌شداريى ئافره‌تان و نوێنه‌رى پێكهاته‌كان له‌ پرۆسه‌ى سياسى و ژيانى په‌رله‌مانى و دامه‌زراوه‌كانى حكووميدا كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانى به‌ريتانيا له‌ پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ پێشنيار و ڕاسپارده‌ ده‌داته‌ حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌ى، هه‌روه‌ها سوپاسى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تێكشكاندنى داعشدا كرد.

كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى لۆردانى به‌ريتانيا
كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى لۆردانى به‌ريتانيا

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌رده‌واميى پشتگيريى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى لۆردان و حكوومه‌تى به‌ريتانيا له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى په‌رله‌مانى به‌ريتانياى كرد كه‌ تاوانه‌كانى داعشى به‌رامبه‌ر به‌ ئێزدييان و پێكهاته‌كانى ديكه‌ له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ جينۆسايد ناساندووه‌ و داواى كرد په‌رله‌مانى به‌ريتانيا له‌ پته‌وكردنى ديموكراسى و دامه‌زاروه‌كانى وڵاتدا، هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان بكات.