سبه‌ی كاروانێك تانكه‌ری به‌نزینی عێراقی ده‌گاته‌ سلێمانی

بڕیاره‌ رۆژانه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق زیاتر له‌ ملیۆنێك لیتر به‌نزین ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات
به‌نزین له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت
به‌نزین له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند، سبه‌ی یه‌كه‌م كاروانی به‌نزین له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقه‌وه‌ ره‌وانه‌ی سلێمانی ده‌كرێت.

دوای رێككه‌وتنی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، بڕیاره‌ رۆژانه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق زیاتر له‌ ملیۆنێك لیتر به‌نزین ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ پێویستی به‌ زیاتر له‌ 6 ملیۆن لیتر به‌نزین هه‌یه‌.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ به‌ هۆی زۆری خواست له‌سه‌ر به‌نزین و كه‌می به‌رهه‌می ناوخۆ، نرخی به‌نزینی ئاسایی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر لیترێكی له‌ هه‌زار دینار نزیك كه‌وته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، پارێزگاری سلێمانی، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر رایگه‌یاند، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرێتیی نەوت و کانزاکان و دڵسۆزان، بڕیارە سبەینێ یەکەم کاروانی بەنزینی تەرخانکراو لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە بگاتە سلێمانی، نرخی فرۆشتنی بەهاووڵاتیان بە 690 دینار دیاریکراوە.