نزیكه‌ی 5 هه‌زار كه‌س چاودێری هه‌ڵبژاردنی عێراق ده‌كه‌ن

چاودێرێکردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن لە ناوچە کوردستانییەکان پێویستی بە وریایی و چڕی زیاتره‌

K24- هه‌ولێر:

نزیکەی پێنج هەزار کەس بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی عێراق دەستنیشانکراون، شارەزایەکی هەڵبژاردنیش رایدەگەیەنێت، چاودێرێکردنی پرۆسەکە لە ناوچە کوردستانییەکان پێویستی بە وریایی زیاتر هەیە.

هاوار محه‌مه‌د، بەرپرسی بەشی یاسایی له‌ دەزگای هەڵبژاردنی پارتی جگە لە رۆڵی چاودێران ئاماژە بە گرنگی سیستەمی ئەمجارەی هەڵبژاردن دەکات و دەڵێت: سیسته‌می ئه‌مجاره‌ دەرفەتێکی ئەوتۆی بۆ ساختەکاری نە‌‌هێشتوەتەوە.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیش بۆ دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه‌ و ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری له‌ پرۆسه‌كه‌، هۆگر چەتۆ، شارەزای هەڵبژاردن جه‌ختی كرده‌وه‌, چاودێرێکردنی پرۆسەکە له‌و ناوچانه‌ پێویستی بە وریایی زیاتر هەیە.

هەموو هەوڵێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەوەیە، ئەمجارە رێگری تەواو لە ساختەکاری بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش میکانیزم و سیستەمێکی نوێی هەڵبژاردن پەیڕەو دەکات، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکەن.

H.B