هاووڵاتییانی دوو گوندی کوردستان هەموویان تووشی کۆرۆنا بوونە

نەخۆشخانەکان پڕبووون لە تووشبووانی کۆرۆنا
نەخۆشخانەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان
نەخۆشخانەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان

K24 - هەولێر

شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا رووی لە رۆژھەڵاتی كوردستان كردووە،و زانكۆی پزیشكی سنە رایدەگەیەنێت، نەخۆشخانەكانی ئەو پارێزگایە پڕبوونە و چیتر ناتوانن تووشبووی دیكە وەربگرن، ھاوكات لە پارێزگای ورمێش لە24 كاتژمێردا 27 كەسی دیكە بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە، لە ئیلامیش ھاووڵاتییانی دوو گووند بەتێكرایی تووشی كۆرۆنا بوونە.

جارێكیتر گلۆپی سوور لە پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان پێكرایەوە. سەدیق جەدید ئیسلامی، جێگری سەرۆكی زانكۆی پزیشكی سنە رایگەیاند، نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا لە سنە پڕبوونە و ئێستا بۆ وەرگرتنی تووشبووی دیكە كێشەیان ھەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پارێزگای سنە ھێڵی سووری تەشەنەكردنی كۆرۆنای تێپەراندووەو خەریكە بەرەو دۆخێكی نائاسایی دەچێت. نزیكەی 900 تووشبووی كۆرۆنا لە سنە لە نەخۆشخانەكان خەوێندراون، تاكوو ئێستاش ھەزار و 666 كەس بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.

ئەگەرچی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ئێران باس لە کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان دەكەن، بەڵام ئاماری رۆژانەی پارێزگاكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە ھەڵكشاندایە، لە24 كاتژمێردا 27 كەسی دیكە لە پارێزگای ورمێ گیانیان لەدەستداوە، لەھەمان كاتدا نزیكەی ھەزارو 500 كەسی دیكەش تووشی ئەو پەتایە بوونە.

لەلایەکی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ورمێ لە راگەیاندراوێكدا، دەڵێ دۆخی تەشەنەكردنی کۆرۆنا لەو پارێزگایە خەریكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت، دۆخەكە لە ئیلامیش بەرەو خراپی دەچێت، زانكۆی پزیشكی ئیلام ئەوەی ئاشکرا کردووە، ھاووڵاتیانی دوو گوند بەتێكرایی تووشی كۆرۆنا بوونە.

دۆخەكە لە رۆژھەڵاتی كوردستان بەشێوەیەكە وەزیری تەندروستی ئێران لە یەكەم سەفەری خۆیدا وەک وەزیر سەردانی پارێزگای كرماشانی كرد، بەڵێنی بەھاووڵاتییاندا كە پرۆسەی ڤاكسینكردن خێراتر بكرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ژمارەی قوربانیان ھەر لە بەرزبوونەوەدایە.

ئێستا ڤاكسینی سینۆفارم، ئەسترازینكا و سپوتینك ڤی و دوو جۆر ڤاكسینی دروستكراوی ناوخۆی لە ئێران بەردەستن، وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە شەو و رۆژ سەرقاڵی كوتانی ھاووڵاتییانن، بەڵام بەشێك لەوانەی ڤاكسینیان لێداوە، تووش بوونەتەوەو بەشێكی دیكەی ھاووڵاتیانیش پێشوازیان لەو جۆرە ڤاكسینانە نەكردووە، ھەربۆیە لەمەودوا ئەو ھاووڵاتییانەی لە ئێران ڤاكسینیان لێ نەدابێت، كاروباری ئاساییان لە ئیدارەكان بۆ رایی ناكرێت.