وەبەرهێنەرانی بیانی سەرمایەکانیان لە کوردستان بەگەڕ دەخەن

بەهۆی سەقامگیری وەبەرهێنەران روو لە کوردستان دەکەن
پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر
پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر

K24  - هەولێر

بەهۆی سەقامگیری هەرێمی کوردستان زۆرێک لە وەبەرهێنەرانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی دیکە بۆ وەبەرهێنان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

عەلی مونیف، وەبەرهێنەرێکی عەرەبی خەڵکی مووسڵە چەند ساڵێکە وەک زۆرێک لە وەبەرهێنەرە بیانییەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق رووی کردووەتە هەرێمی کوردستان و سەرمایە گەورەکەی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبون و پڕۆژەکانی تر خستووەتە گەڕ. چونکە ئەو پێی وایە ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە رووی سەقامگیری و کارئاسانی لە یاساکان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق  نییە.

ئەو وەبەرهێنەرە بە کوردستان24ی گوت: "ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە وایکردووە سەرنجی کۆمپانیا بیانییەکان راکێشێ و وەبەرهێنەران رووی تێبکەن".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی زۆری کردوە بۆ وەبەرهێنەران و رەزامەندی شۆڕ بکرێتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەمەش کارئاسانی زۆری کردووە بۆ وەبەرهێنەران، هاوکات رۆتین و گەندەڵییەکی زۆر و داواکردنی پشکی پڕۆژەکان لە عێراق وایکردوە وەبەرهێنەران ترسیان هەبێت لە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان، بۆیە هەرێمی کوردستانیان هەڵبژاردووە بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان، دڵنیایان زیاترەو پلانی فراوان کردنیان هەیە.

یاسای ژمارە 4 ساڵی 2006 حکومەتی هەرێمی کوردستان ماددەی 1 ماف و ئیمتیازاتی تەواوی داوە بە وەبەرهێنەری بیانی.

سامان عەرەب، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گشتی هەولێر دەڵێت: "یاساکە هۆکارێکی گرنگە لە هەمانکاتیش ئەمن و ئیستیقرار، لە هەرێمی کوردستان هۆکاری دووەمە و بەشێکی زۆری وەبەرهێنەرە عێراقیی و وڵاتانی تر لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەکانیان ئەنجام دەدەن".

پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەمترین کاتدا، دەتوانێ کوردستان لە هەرێمێکی بەکاربەرەوە بکاتە هەرێمێکی خاوەن ئابووری و کشتوکاڵی و پیشەسازیەکی بەهێز و ناوەندێکی گەورەی وەبەرهێنان لە کەرتەکانە کشتوکاڵ و پیشەسازی و نیشتەجێ بون. بەجۆرێک لە ساڵی 2006 تا سەرەتای ئەم مانگە 991 پرۆژە لە هەرێمی کوردستان بە سەرمایەی 58 ملیارو 854 ملیۆن دۆلار مۆڵەتی پێدراوە کە 42 پرۆژەی بیانی بووە، بە سەرمایەی نزیکەی 10 ملیار دۆلار هەروەها 31 پڕۆژەی هاوبەشیش بە سەرمایەی 3 ملیارو 735 ملیۆن دۆلار لەگەڵ 918 پڕۆژەی خۆماڵی کە وەبەرهێنەری پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش لەخۆ دەگرێت، بە سەرمایەی نزیکەی 45 ملیار دۆلار بەمەش وەبەرهێنەرانی بیانی 16.99٪ و خۆماڵی 76.66٪ و هاوبەشیش 6.35٪ پرۆژەکانی وەبەرهێنانیان پێکهێناوە.

ڤ. ع