كۆرۆنا له عێراق.. ژماره‌ی مردن و تووشبوونی رۆژانه به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی تووشبوون، مردن و چاكبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای له‌سه‌رانسه‌ری وڵات به‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه راگه‌یاند و به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنینی پزیشكی بۆ 19 هه‌زار و 840 كه‌س ئه‌نجامدراوه و تووشبوونی هه‌زار و 959 كه‌سی دیكه به په‌تاكه پشتڕاست كرایه‌وه. زۆرترین ژماره‌ی تووشبوونی ئه‌مڕۆش له شاری دهۆك تۆماركرا، كه بریتییه له 472 حاڵه‌ت.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، له‌ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا 36 كه‌س به‌هۆی په‌تاكه گیانیان له‌ده‌ستداوه، كه به به‌راورد به چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو، ئه‌مڕۆ كه‌مترین ژماره‌ی تووشبوون و مردن به‌و په‌تایه تۆماركراوه، هاوكات 5 هه‌زار و 82 حاڵه‌تی چاكبوونه‌وه‌ش له‌په‌تاكه راگه‌یه‌ندرا.
تا ئێستا كۆی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رانسه‌ری عێراق تووشی په‌تاكه بوونه، ژماره‌یان گه‌یشته ملیۆنێك و 972 هه‌زار و 705 حاڵه‌ت، له‌و ژماره‌یه‌ش 21 هه‌زار و 775 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، ملیۆنێك و 857 هه‌زار و 873 كه‌سیش به رێژه‌ی 94.2% به‌ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه و 93 هه‌زار و 57 كه‌سیش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان، له‌و ژماره‌یه‌ش 609 كه‌س به‌هۆی ناجێگیری دۆخی ته‌ندروستییان له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، تا ئێستا 4 ملیۆن و 363 هه‌زار و 963 كه‌س له سه‌رانسه‌ری عێراق ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه.
H.B