دژایەتیکردنی گەڕانەوەی پێشمەرگە کراوەتە بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن

"هەر شوێنێك ماددەی 140 بیگرێتەوە، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆیان ئاساییە"
پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
پێشمه‌رگه‌ی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک لە چوارچێوەی دەستورە و هەر شوێنێك ماددەی 140 بیگرێتەوە؛ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانە ئاساییە، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تورکمان و عەرەبی رەسەن دژی گەڕانەوەی پێشمەرگە نین و ئەوانەی دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەن، خەڵکانی بەکرێگیراون و دەیانەوێت کێشە بۆ کەرکووک دروست بکەن، ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەش نایشارێتەوە ئەو لایەنانەی دژی گەرانەوەی پێشمەرگەن بۆ بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگە.

قۆناغی گەڕانەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دوو لیوا هاوبەشەکە لە کۆتایی هەنگاوەکانیدایە و پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەو خاڵانە دیاری دەکەن، کە دوو لیوا هاوبەشەکە تێدا جێگیر دەکرێن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی رێککەوتنەکە بەشێک لە پەرلەمانتارانی عەرەب و تورکمان دەڵێن گەڕانەوەی پێشمەرگە نادەستوورییە، دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە وەڵامی ئەوانەدا دەڵێت ئەوان خەڵکی رەسەنی ناوچەکە نین، رێگریكردن لە گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ ئەوەیە بەردەوامبن لە گەندەڵی و تەعریب، دەشڵیت هەر شوێنێک ماددەی 140 بیگرێتەوە؛ پێشمەرگە دەتوانێت بگەڕێتەوە ئەو ناوچەیە.

گەڕانەوەی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیک دەبینەوە، ئەو لایەنانەش قسەکردنیان دژی گەڕانەوەی پێشمەرگە کردووه‌تە بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ، سەعید مەستەفا، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەش دۆخی کەرکووک به‌ مەتریسیدار وه‌سف ده‌كات.

رۆژ دوای رۆژ دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە بەرەو خراپتر دەڕوات، داعش هێرش دەکاتە سەر هێزە ئەمنییەکان، به‌لای هاووڵاتیانیش گەڕانەوەی پێشمەرگە و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک دۆخی ئه‌و شاره‌ باشتر ده‌كات، بەڵام بەشێک لەوانەی ئەم دۆخە لە بەرژوەندیانە، دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەن و هۆشداریش دەدەن لە فراوانتربوونی چالاکییەکانی داعش.

د.ی