کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت

سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکە ئامادە دەبن
زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک
زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک

K24 – هەولێر

کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و لەمیانی ئامادەبوونیان لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتار پێشکەش دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئەیلوول، کاتژمێر 9:00 بەیانی، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی بەرنامەی کۆنفرانسەکە، لە کاتژمێر 9:30 سەر لەبەیانی ئەمڕۆ کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان دەستپێدەکات و تاکوو کاتژمێر 3:45 خولەک بەردەوام دەبێت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆنفرانس وتاری بەخێرهاتن لەلایەن سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک پێشکەش دەکرێت، دواتر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێک پێشکەش دەکات. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێک دەخوێنێتەوە.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا هەر یەک لە وەزیری پەروەردە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانس وتاریان دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ و پانێلی تایبەت لەبارەی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن.

زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک لە ساڵی 2014 لە شاری دهۆک کراوەتەوە، سیستمە پێشکەوتووەکانی خوێندنی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە لەو زانکۆیە پەیڕەو دەکرێت، لە کۆنفرانسی ئەمڕۆدا کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە پەروەردە و خوێندنی باڵا تاوتوێ دەکرێن.