7 کەس لە کەرکووک لەسەر دڕاندنی وێنەی کاندیدەکان دەستگیرکراون

وتەبێژی کۆمسیۆن لە کەرکووک: نووسراومان بۆ دەزگا ئەمنییەکان کردووە وێنە و پۆستەی کاندیدەکان بپارێزن
پۆستەری یەکیک لە کاندیدەکان کە لە شەقامێکی کەرکووک دڕێنراوە
پۆستەری یەکیک لە کاندیدەکان کە لە شەقامێکی کەرکووک دڕێنراوە

K24 - کەرکووک

لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکووک، تاکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکان 7 کەسیان دەستگیرکردووە، کە دەستیان لە دڕاندن و شێواندنی وێنەی کاندیدەکان هەبووە، لە یەکێک گرتە ڤیدیۆییەکان گەنجێک پۆستەری کاندیدی ژمارە 30ی پارتی دەدڕێنت لە کەرکووک. گوتەبێژی کۆمسیۆن لە کەرکووک دەڵێت: نووسراومان کردووەو داوامان کردووە دەزگا ئەمنییەکان وێنە و پۆستەری کاندیدەکان بپارێزن.

زۆربەی پۆستەرو وێنەی کاندیدەکان کەوتوونەتە بەر شاڵاوی دڕاندن، کەم پۆستەرو وێنەی کاندیدەکان هەیە لە کەرکووک بەساغی مابێتەوە. هێزە ئەمنییەکان چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە، بەڵام دڕاندن و لێکردنەوەی وێنەی کاندیدەکان هەر بەردەوامە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی لە کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: "دڕاندنی پۆستەرەکانمان نیشانەی بوونمانە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، خەڵک کە پێیانوابێت پارتی بە دڕاندنی پۆستەرەکانمان لاواز دەبێت هەڵەن، چونکە ئەگەر پۆستەرەکانیشمان بدڕێنن ئێمە لەناو دڵی خەڵکداین".

هاووڵاتییان بڕیاری بەشداریان داوە لە هەڵبژاردن، مام عاسی خدر، پیاوێکی بە تەمەنی دانیشتووی کەرکووکە و دەڵێ: "بەهەر شێوەیەک بێت، دەبێت لێ نەگەڕێن کورد لە بەرامبەر نەتەوەکانی دیکە بدۆڕێت لەم هەڵبژاردنە".

دەشڵێت: "لە هەموو هەڵبژاردنەکان دەنگمانداوە، گرنگ ئەوەیە دەنگ بە لیست و کاندیدە کوردەکان بدەین".

سەبارەت بە دڕاندنی پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان، عەلی عەباس گوتەبێژی لقی کەرکووکی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند: "زۆرجار زۆربەی ئەو پۆستەرانەی وا شوێنراون لە شوێنی ناسایی دانراون، بۆیە زۆربەی کاندیدەکان کاتێک وێنەکانیان دەدرێنرێت ناین بۆ لای ئێمە سکاڵا بکەن، خۆیان تیمیان هەیە چاکی دەکەنەوە".

لە کەرکووک سێ بازنەی هەڵبژاردن هەیە، بازنەی یەکەم کە بە بازنەی کوردی ناسراوەو پێنج کورسی بۆ دانراوە، زۆرترین وێنەی پۆستەر و کاندیدەکانی پەرلەمانی عێراقی تێدا دڕێنراوە.