نێچیرڤان بارزانی: ناكرێت هه‌ر له‌سه‌ر سیسته‌می كۆنی خوێندن به‌رده‌وام بین
K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌یی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له دهۆك رایگه‌یاند، پێشكه‌وتنه‌كان ئه‌وه‌نده خێران، ناكرێت ده‌ست به میتۆدی كۆنی خوێندنه‌وه بگرین و به‌رده‌وام بین، تا رۆژێك زووتره، ده‌بێت بكه‌وینه‌خۆ و له كه‌رتی په‌روه‌رده ده‌ست به چاكسازی بكه‌ین.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "له گه‌شته‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا بۆ گه‌ڕانه‌وه په‌له‌م كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و كۆنفرانسه زانستییه رابگه‌م، كه تایبه‌ته به بابه‌تی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه‌ش رۆڵێكی گرنگی له گه‌شه‌كردنی ئێستا و داهاتووی نه‌وه‌كانمان هه‌یه، خوێندن له هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له قۆناغی باخچه‌ی منداڵانه‌وه تا بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی و خوێندنی باڵاش پێویستی به چاككردن و چاكسازی هه‌یه".
گوتیشی: "پێویسته خوێندن له هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی ستاندارد له‌گه‌ڵ پێوه‌ره جیهانییه‌كان بگونجێت، تا بتوانرێت ته‌با و هاوشانی ئه‌و پێشكه‌وتنه خێرایانه بێت، كه له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا دێنه پێش".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، پێشكه‌وتنه‌كان ئه‌وه‌نده خێران، ناكرێت ده‌ست به میتۆدی كۆنی خوێندنه‌وه بگرین و به‌رده‌وام بین، تا رۆژێك زووتره، ده‌بێت بكه‌وینه‌خۆ و له كه‌رتی په‌روه‌رده ده‌ست به چاكسازی بكه‌ین.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ده‌ستپێشخه‌ریی ئه‌م كۆنفرانسه له دهۆك بڕیارێكی گرنگ و بوێرانه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی گرفته‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا دیاری بكرێن، له چوارچێوه‌ی گۆڕانگاری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سیاسی، ئاسایش و ته‌كنه‌لۆژیای نوێ بێت، ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕییه‌كانمان، واتای باوه‌ڕبه‌خۆبوونی ئێمه ده‌گه‌یه‌نێت.
نێچیرڤان بارزانی له كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌یی له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له دهۆك ئاشكرای كرد، ده‌بێت بوێرانه له بڕیاری رابردوومان بكۆڵینه‌وه و بیانخه‌ینه ژێر تیشكی زانستی، تا یارمه‌تیمان بدات، تێبگه‌ین و بزانین له‌كوێ شكستمان هێناوه، له‌كوێ سه‌ركه‌وتووین، ئه‌م جۆره له بیركردنه‌وه، په‌روه‌رده‌یه‌كی نوێی ده‌وێت.
روونیشكرده‌وه، چاكسازی له بواری په‌روه‌رده و خوێندن ئه‌نجامی راست و درووستمان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ده‌بێت به‌وپه‌ڕی توانامانه‌وه نه‌خشه‌ی ژێرخانی ئاینده‌ی گه‌ل و نیشتمان دابڕێژینه‌وه.