وەزیری پەروەردە: تەلقین دانی قوتابی بەسە

"دەبێ گرنگی بە خوێندنی پیشەیی بدرێت و خوێندن لەگەڵ بازاڕی کار بگونجێ"
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەبێ گرنگی بە خوێندنی پیشەیی بدرێت و خوێندن لەگەڵ بازاڕی کار بگونجێ، "پێویستمان بە وەرچەرخانێکە لە کۆی پرۆسەی سیستمی خوێندن و فێرکاری ئیدی بەسە قوتابی بەس تەلقین بدرێت".

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لەمیانی کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رایگەیاند: "خوێندنی پیشەیی بناغەی وەرچەرخانی هەموو شتێکە لە کوردستان، پەروەردەیەکی باش یەکسانە بە هێزی کاری باش، هەروەها هێزی کاری باش یەکسانە بە ئابوورییەکی باش لەم وڵاتە".

گوتیشی: "دەبێ ئەو تێڕوانینە ناجۆرەی لەسەر خوێندنی پیشەیی لە کوردستان هەیە، کە خوێندنی پیشەیی وا وێنا کراوە، شوێنی (قوتابییە تەمبەڵەکانە) دەبێ ئەمە بگۆڕین، بەڵکو خوێندنی پیشەیی شوێنی دروستکردنی کارامەیی مرۆڤە، راپۆرتی یونسکۆ و راپۆرتی وڵاتە پێشکەوتووەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، دەبێ سیستمی پەروەردە لەگەڵ گەشەی بازاڕ و پێداویستییەکانی بازاڕی کار بگونجێ، بەڵام ئێمە و زۆر لە وڵاتان رووبەڕووی تەحەدییەکی گەورە بووینەتەوە، بەهۆی پێشکەوتنەکانی بازاڕی کار و تەکنەلۆژیا ئاستەنگێکی گەورەی لەگەڵ کەرتی پەروەردە دروستکردووە، کە ناتوانێت خۆی لەگەڵدا نگونجێن".

وەزیری پەروەردە، راشیگەیاند: "پێویستمان بە وەرچەرخانێکە لە کۆی پرۆسەی سیستمی خوێندن و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەوەیە ئیدی بەسە قوتابی بەس تەلقین بدرێت، بەڵکو قوتابی دەبێ فێری کارامەیی بکرێت، دەبێ ئەوە راستبکەینەوە کە هەڵەمان کردووە تەنها وانەکانی تیۆری بە قوتابیان دەڵێینەوە، وانە پراکتیکییەکان زۆر کەمن، لە قۆناغی باخچەی ساوایان سەیری بکەین تا دەگاتە زانکۆکان و خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، کەمتەرخەمی لە فێربوونی کارامەیی، بەشێکی بەهۆی غیابی وانەی پراکتیکییەوە چالاکەوەیە، داوا لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆنفرانسە دەکەم، ئەم خاڵە بکەنە خاڵێکی گرنگ، کە چۆن بتوانین گرنگی بە وانەی پراکتیکی بدەین، راستە پاڵپشتی دارایی دەوێت، بەڵام ئەگەر ئیرادەمان هەبێت و نەخشەڕێ دابنێین. هەرێمی کوردستان بەشی ئەوە پاڵپشتی دارایی دەبێت کە پاڵپشتی لەو بیرۆکانە بکات".