وەزیری خوێندنی باڵا: گرفتی گەورەمان سیستمی وەرگرتنی قوتابیانە لە زانکۆ

"تەنها پێوەر تێکڕا نمرەی قوتابییە لە پۆلی 12ـە"
د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

K24 - هەولێر

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "گرفتی گەورەمان سیستمی وەرگرتنی قوتابیانە لە زانکۆ، کە تەنها پێوەر تێکڕا نمرەی قوتابییە لە پۆلی 12ـە".

د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رایگەیاند: "لیژنەیەکمان هەیە بە سەرپەرشتی بریکاری وەزیر، بۆ داڕشتنەوە و پێداچوونەوە بە یاسا لە خوێندنی باڵا، ئامانجمانە یاسایەک دابڕێژینەوە کە بەرمەبنای گۆڕانکارییە سیاسیی و ئابووری و پێشکەوتنە زانستییەکانی ناوچەکە و جیهان بێت".

گوتیشی: "ئەو خاڵەی کە گرنگە لە یاساکەدا ئەوەیە کە یاساکە دەستەبەری سەربەخۆیی ئەکادیمیی و زانستی بۆ کارگێڕی و دارایی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە زانکۆ بەبێ سەربەخۆیی ئیداریی و ئەکادیمی ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێ و ناتوانێت ببێتە ناوەندێکی ئەکادیمی راستەقینە و جدی، ئێمەیە لە کابینەی نۆیەم بە هەموومانەوە ئامنجمانە ناوەندەکانی خوێندن و ئەکادیمیا بکەینە بە نەرهەمهێنانی مەعریفە و کارامەیی خوێندکاران".

ئاماژەی بەوەشدا: "داڕشتنەوەی یاسا بۆ من و وەزارەتی خوێندنی باڵا نییە، بەڵکو بۆ کۆمەڵگەی ئێمەیە، گرفتەکانمان زۆرن، لە پاڵ دروستکردنی کوالێتی و کادیر بۆ بازاڕی کار، ئەرکی وەزارەتی خوێندنی باڵایە کە ئینتیما بۆ خوێندکار و خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست بکات، چونکە ئەو جوگرافیایە نیشتمانی هەموومانە، هەرچی هەمان بێت بەبێ بوونی ئینتیما بۆ نیشتمان سوودی نابێت".

وەزیری خوێندنی باڵا، گوتی: "گرفتی گەورەمان سیستمی وەرگرتنی قوتابیانە لە زانکۆ، کە تەنها پێوەر تێکڕا نمرەی قوتابییە لە پۆلی 12، ئەم سیستمە توانا راستەقینەکان و باکگراوند و داهێنانی قوتابیان و خوێندن لەبەرچاو ناگرێت، پێویستە ئەم سیستمە بگۆڕدرێت، تا ئەمە نەگۆڕین ناتوانین دڵخۆشبین بەوەی هیچ ریفۆرمێک لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت جێگە بگرێت. گرفتێکی دیکەمان ئەوەیە قوتابی کە دێتە ناو زانکۆ بەهەمان پێوەری پەروەردە دێت، بۆیە ناتوانێ ئەو کارامەییە دروست بکات، پێویستە تاقیکردنەوەیەکی نیشتمانیمان هەبێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە تا بزانین بۆ ئەمساڵی خوێندن چ جۆرە کوالێتی و کادیرمان لە ناوەندەکانی خوێندن دەوێت".

باسی لەوەشکرد: "نابێ ترسمان لە فراوانکردنی خوێندنی پیشەیی و تایبەت هەبێت لە هەرێمی کوردستان، ئەو سەرمایەدارە نیشتمانیانەی لە کە ناوەندەکانی خوێندن تەنها چاویان لە قازانجی مادیی نییە پێویستە پشتگیری بکرێن، بۆ ئەوەی خوێندنی پیشەیی لە ناوەندەکانی تایبەت و حکومی بەرفراوان بکرێت".

وەزیری خوێندنی باڵا، گوتیشی: "زانکۆ حکومییەکان بارگرانییەکی یەکجار گەورەیان خستووەتە سەر حکومەت، لە دونیای مۆدێرن دەبێ ئەوانە سەربەخۆبن".