کوردێک بۆ شەشەمین جار دەبێتەوە ئەندامی پەرلەمانی رووسیا
K24 - مۆسکۆ
زەلیمخان موتسۆیێڤ، بەربژێری سەربەخۆ، لە ھەڵبژاردنی سێ رۆژە بۆ پەرلەمانی رووسیا، لە ھەرێمی پێرڤەئوراڵسک، دەنگی زۆرینەی بەدەستھێنا و بۆ جاری شەشەم دەبێتەوە ئەندامی پەرلەمانی رووسیا "دووما".
رۆژانی 17، 18، 19ی ئەیلوولی 2021، پرۆسەی ھەڵبژاردنی خولی ھەشتەمی پەرلەمانی رووسیا بەرێوەچوو. بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی رووسیا، لە بازنەی پێرڤەئورالسک لەنێو بەربژێرە سەربەخۆکاندا، زەلیمخان موتسۆیێڤ زۆرینەی رەھای بەدەستھێناوە و ئەندامیەتی خولی ھەشتەمی پەرلەمانی رووسیای مسۆگەر کردووە، بهم پێیه زەلیمخان موتسۆیێڤ، ریکۆردێکی نوێی له مێژووی ههڵبژاردنهكانی پهرلهمانی رووسیادا تۆمارکرد، چونكه تەنیا ئهندام پهرلهمانە کە وەک سەربەخۆ بۆ شەش جار لهسهریهك زۆرینهی دهنگهكان بهدهست دەهێنێت و دەبێته ئهندامی پهرلهمانی رووسیا.
زەلیمخان موتسۆیڤ، کوردی ئێزیدی رووسیایە و لە 13/10/1959، لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا لەدایکبووە، لە تەمەنی 10 ساڵیدا دایک و باوکی کۆچی دواییان کردووە، بۆیە ئەرکی بەخێوکردن و چاودێری تاکە برا و دوو خوشکی کەوتووەتە ئەستۆ.
-ساڵی 1979 بۆ 1981 لە سوپای سۆڤیەتی خزمەتی سەربازی کردووە.
-ساڵی 1989 کۆلێژی ئابووری و رێکخستنی بیناسازی تەواوکردووە.
-لە ساڵی 1988 کۆمپانیای ماڵداری و دروومانی دروستکردووە و گەشەی بە کارەکەی داوە و پاشان ھاتۆتە مۆسکۆ و بووەتە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی خاوەنکارانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.
-ساڵی 1994-1995 بووەتە سەرۆکی یەکێتی خاوەنکارانی رووسیا.
-ساڵی 1999 بۆ یەکەمجار وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ لە ھەرێمی پێرڤەئوڕاڵسک چووە نێو کێبرکێی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا و بە ئەنجامێکی بەرچاو سەرکەوتنی بەدەستھێناو بووە یەکەم پەرلەمانتاری کورد لە دیرۆکی رووسیادا.
-بۆ جاری دووەم لە ساڵی 2003 بە ئەندامی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.
-ساڵی 2000 بووەتە نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا.
-ساڵی 2005 چووەتە ریزەکانی پارتی یەکگرتووی رووسیا و ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو پارتەیە، کە فەرمانرەوایی رووسیا دەکات و بە پارتەکەی پوتین ناسراوە.
-ساڵی 2007 بۆ جاری سێیەم سەرکەوتنی بەدەستھێنا و بوویەوە ئەندامی پەرلەمان.
-لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ساڵی 2012 بۆ جاری چوارەم بە ئەندامی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.
-ساڵی 2016 بۆ جاری پێنجەم بە ئەندامی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.
زەلیمخان موتسۆیێڤ، بۆ ماوەی زیاتر لە 16 ساڵ جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی رووسیا بووە، لەساڵی 2018وە بووەتە ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایش پەرلەمانی رووسیا و سەرۆکی لیژنەی ھەماھەنگی پەرلەمانی رووسیای فێدراڵ و عێراقی فێدراڵە.
زهلیم خان موتسۆیێڤ، خزمەتێکی زۆری بە رووسیای فێدرال کردووە، لەپای ئەرک و خزمەتی بەرچاوی، چەندین میدالیا و خەڵاتی پێبەخشراوە. 24ی ئهیلوولی 2020 له كۆشكی كرێملن، مهدالیای رێزلێنانی پلە یهكی ڤلادیمێڕ پوتینی سهرۆكی رووسیای پێبەخشراوە، ئهم مهدالیایه له پای ئهو خزمهته فرهلایهنهی زهلیمخان دێت، كه له بواره جیاوازهكاندا پێشكهشیكردووه.
زەلیمخان لە کاتە دژوارەکاندا پشتیوانی گەلی کوردستان بووە و لەکاتی ھێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستان بە بڕی 1 ملیۆن 500 ھەزار دۆلاری ئەمەریکی لە رێگای رێکخراوی خێرخوازی بارزانی ھاوكاری ئاوارەکانی شنگال و ناوچەکانی دیكەی كرد و پاشانیش ھاوکاری و کۆمەکی حکومەتی رووسیای گەیاندە کوردستان.