ئافرەتێکی عێراقی لە رێگای نایاسایی ئەوروپا گیانی لەدەستدا

تەرمی ئافرەتێکی کۆچبەری عێراقی لە سنووری پۆڵەندا – بیلارووس دۆزرایەوە
ژمارەیەک کۆچبەر لەگەڵ پۆلیسی پاسەوانی پۆڵەندا
ژمارەیەک کۆچبەر لەگەڵ پۆلیسی پاسەوانی پۆڵەندا

K24 - هەولێر

تەرمی ئافرەتێکی کۆچبەری عێراقی لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا - بیلارووس دۆزرایەوە، کە لەگەڵ هاوسەر و سێ منداڵەکەی بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا ئەو رێگەیان گرتوەتەبەر.

پاسەوانی سنووری پۆڵەندی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 19ی ئەیلوول تەرمی 8 کۆچبەریان لەسەر سنووریان لەگەڵ بیلارووس دۆزیوەتەوە، یەکێک لە تەرمەکان ئافرەتێکی عێراقییە، ئەوەش دوای هەفتەیەک لە سەپاندنی باری نا ئاسایی لەسەر سنوور لەلایەن حکومەتی پۆڵەندا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، هەزاران کۆچبەر لەسەر سنووری نێوان بیلارووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە کە ویستوویانە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا لە رێی لیتوانیا و پۆڵەندا. بەهۆی توندکردنی سنوورەکانیش کۆچبەران کەوتوونەتە دۆخێکی خراپەوە، بە گشتی هەشت تەرمی کۆچبەران لەو سنوورانە دۆزراونەتەوە کە لەنێویاندا تەرمی ئافرەتێکی عێراقی هەیە.

پۆلیسی بیلارووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، شوێنەوار بە تەرمەکەوە دیارە کە لەلایەن پاسەوانی سنووری پۆڵەندا راکێشراوە. هاوسەرەکەشی رایگەیاندووە: پاسەوانی سنووری پۆڵەندا ئەوانی بە رووتی و بە فشار و هەڕەشە راکێشاوە بەرەو سنووری بیلارووسیا.

وەک بڵاوکراوەتەوە، ئافرەتەکە دایکی سێ منداڵە کە تەمەنیان لە نێوان 5 بۆ 7 ساڵانە و لە ژیاندا ماون و ئێستا لەسەر سنووری بیلارووسیان.