وەزیری خوێندنی باڵا وادەی وەرگرتنی قوتابیانی زانکۆ ئاشکرا دەکات

"هەوڵدەدەین زۆرترین قوتابی وەربگرین"
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – دهۆک

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بڕیارە 25ی ئەم مانگە وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی قوتابیانی پۆلی 12 بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن، دواتر پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیان بە سیستمی زانکۆلاین دەستپێدەکات.

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "هیوادارین ئەو قوتابیانەی لە رێگەی زانکۆلاین داواکاری پێشکەش دەکەن وەریان بگرین، هەوڵدەدەین، وەک دوو ساڵی رابردوو، زۆرترین قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگرین".

گوتیشی: "لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەماهەنگیمان کردووە، بڕیارە لە 25ی ئەم مانگە وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی قوتابیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا رەوان بکات، دواتر دەست بە وەرگرتنی قوتابیان دەکرێت، رەنگە پرۆسەکە ماوەی مانگێکی پێ بچێت".

سەبارەت بە کۆنفرانسی پەروەردەی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک کە دوێنێ 19/9/2021 دەستیپێکرد، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "دەمانەوێت لە رێگەی ئەو کۆنفرانسە و کۆنفرانسە هاوشێوەکانی بزانین ئاستی زانکۆکانی ئێمە لە چ ئاستێکدایە، هەروەها ستراتیژی ریفۆرمەکانمان لە کوێیە و چی بکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی لە زانکۆکانمان و دروستکردنی کادیر و کارامەیی".

راشیگەیاند: "سیستمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکان سیستمێکی هیلاکە، ئەو سیستمە پێویستی بە گۆڕانکارییە، لەو سیستمە تەنها تێکڕا نمرەی پۆلی 12 پێوەرە، توانای راستەقینەی قوتابی لەبەرچاو ناگرێت، لەلایەکی دیکە پێویستە ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان بە بازاڕی کارەوە ببەستینەوە، بۆ ئەوەی ناوەندە ئەکادیمییەکان تەنها نەبن بە شوێنی بەخشینەوەی بڕوانامە، دەبێ کارامەیی لە خوێندکاران دروستبکرێت، بەرمەبنای ئەو پێداویستیانەی بازاڕی ئابووری کوردستان لەژێر هەژموونی ئابووری بازاڕی جیهان چ جۆرە پیشەیەکمان پێویستە و دەستی کار بۆ کام جۆرە پیشە دروست بکەین، ئەو پیشانەی 30 ساڵ لەمەوبەر باو بوون هەلی کاریان دابین دەکرد ئێستا نەماون، بۆیە دەبێ خوێندکاران لە زانکۆ بەشێوەیەکی وا ئامادە بکرێن کە بازاڕی کار پێویستی پێان بێت".

د. ئارام محەمەد، ئەوەشی خستەڕوو: "گەشبینم کە ئەو کۆنفرانسە دەست بخاتە سەر زۆر لە برینەکانمان و چارەسەر بۆ زۆر لە کێشەکانمان دەستنیشان بکات. پرسیاری جەوهەری کە پێویستە لە کۆنفراسەکەدا بورژێنرێت، ئەوەیە کە ئایا کۆمەڵگەی ئێمە لە رووی سایکۆلۆژی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئیرادەی سیاسییەوە بۆ ئەم ریفۆرم و چاکسازیانە ئامادەیە. من خۆم بە گەشبینییەوە لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم و توانا و وزە و هێزی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەڕوانم، کە دەتوانین پێ بەپێ بەرەو پێشەوەبچین".

هاوکات وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: لە میانەی بەشداری کردنمان لە راگەیاندنی تاسک فۆرسی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان تیشکمان خستە سەر زەرورەتی ریفۆرم وچاکسازی لە:

* سیستەمی ناوەندی وەرگرتن

*فەلسەفەی خوێندن و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئاکامەکانی  پرۆسەی خویندن.

* دروستکردنی پەیوەندی توندوتۆڵ لەنێوان ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و پێداویستیيەکانی بازاڕی کار.

* هەموارکردنەوەی یاسای خوێندنى باڵا بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی دونیای مۆدێرن و زامنی دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی ئەکادیمی و دارایی و کارگیڕی زانکۆکان بکات.

* زانکۆ حکومییەکان بودجەیەکی زەبەلاحیان پێویستە، ئەمەش بارگرانی لەسەر حکومەت و بودجەی گشتی دروست دەکات، بۆیە گرنگە سەربەخۆبن. بۆیە پیویستە لەم کۆنفرانسەدا زەمینەی ڕەخساندنی سەربەخۆیی زانکۆکان برەخسێنریت تاوەکو زانکۆ حکومیەکان کاربکەن بۆئەوەی ببنە خاوەنی پڕۆژەی ئابوری خۆیان بەو ئامانجەی ئەو قورساییە لەسەر بودجەی گشتی هەڵبگرن. هەروەها بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لەماوەکانى رابردو چەند جارێک جەختمان لە ئەنجومەنى وەزیران کردۆتەوە کە پێویستە زانکۆ حکومییەکان خاوەن سەربەخۆى ئابورى خۆیان بن.