کارگەی ئاردی سلێمانی رۆژانە 500 تۆن ئارد دەخاتە بازاڕەوە

کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد لە سلێمانی کرایەوە
کردنەوەی کارگەی نەرهەمهێنانی ئارد لە سلێمانی - 19/9/2021
کردنەوەی کارگەی نەرهەمهێنانی ئارد لە سلێمانی - 19/9/2021

K24 - هەولێر

بە ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاسایشی خۆراک و دروسکردنی کارگەی خۆماڵی بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبوومەکانی گەنم و سایلۆی هاوچەرخ، پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە لایەن جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بازیان کرایەوە.

لە مەراسیمەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشێکی گرنگی پڕۆژەکە لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگ کرایەوە، کە بڕیارە رۆژانە 500 تۆن ئارد بخاتە بازاڕ.

جێگری سەرۆکی حکومەت گوتیشی، بەهۆی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نرخی ئارد بەرزبووەوە، بۆیە ئەو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پێویستی بە پڕۆژەی ستراتیژی هەیە، ئەو کارگەی ئەمڕۆش کرایەوە بەشێکە لەچارەسەرکردنی کێشەی گرانبوونی نرخی ئارد. بۆیە هەوڵیاندا بە زووترین کات کارگەی ئاردی پڕۆژەکە تەواو بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە تەواوبوونی تەواوی پڕۆژەکە، 5000 هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەڕەخسێت.

پڕۆژەی نیشتمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، لە 23/5/2021 بەردی بناغەی لە لایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناحیەی پیرەمەگروون دانرا. ئامانج لە پڕۆژەکە بەرزکردنەوەی توانای عەمبارکردن و کڕینەوەی گەنمی جوتیارانە، چونکە ئێستا توانای عەمبارکردنی سایلۆکانی سلێمانی و دەوروبەری لە 240 هەزار تۆن گەنم تێ ناپەڕێت.

پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران کە لە لایەن هەردوو کۆمپانیاکانی (خۆشناو و قەیوان) بە هاوبەشی جێبەجێ دەکرێن توانی وەرگرتنی 500 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانیان هەیە.

هەروەها پڕۆژەکە دانان و دروستکردنی چەند کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی (ئارد، ساوەر، بڕوێش، مەعکەڕۆنا، پاستا و خواردنی دایت) لەخۆدەگرێت.

ئامانجی سەرەکی ئەو پڕۆژەیە دابینکردنی بڕێ پێویستی ئارد و بەبازاڕکردنییەتی، کە مەبەستی لێی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیە.

هەروەها زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی ئارد و گەنم و هەرزانکردنی نرخەکەیەتی. لە هەمان کاتدا جێگرەوەیەکی گەورە و گرنگە بۆ حکومەتی عێراق، کە جوتیاران لەمەودا گەنمەکانیان لە ناوخۆی کوردستان بە نرخی رۆژ دەفرۆشن.

لە مەراسیمەکە شێخ فاخیر تەیب حەسەن، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری قەیوان گرووپ رایگەیاند، کەمتر لە چوار بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە لە لایەن سەرۆکی حکومەت دانرا، ئێستاش قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە تەواوکراو دەستیان بەرهەمهێنانی ئارد کرد. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا پڕۆژەکە سەرکەوتوو نەدەبوو ئەگەر پشتیوانی سەرۆکی حکومەت نەبووایە.