مەسرور بارزانی بەردی بناغەی سایلۆی دهۆک دادەنێت

سایلۆی دهۆک دروست دەکرێت
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 20/9/2021، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی سایلۆی دهۆک دابنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 20 ی ئەیلوول کاتژمێر 4:00 ی ئێوارە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای دهۆک دادەنێت.

پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی سایلۆیەکی مۆدێرن و عەمبارکردن و بەهەمهێنانی خۆراک و بە بازاڕکردنی گەنم و دانەوێڵە و دروستکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان بە تازەترین تەکنەلۆجیا و بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان، یڕۆژەکە بە بڕی زیاتر لە 121 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای دهۆک بە رووبەڕی 833 هەزار و 142 دۆنم زەوی بە گەنم دەچێندرێت و بەرهەمەکەی 444 هەزار و 486.62 تۆنە.

پێشتریش لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان سایلۆی لە هەولێر و سلێمانی کردەوە و بۆ ئەمساڵ گەنمی جوتیاران لە هەردوو سایلۆ وەرگیرا.