فازڵ میرانی: پارتی وه‌ڵامی هیچ لایه‌نێك ناداته‌وه و خه‌ڵك خۆی جیاوازییه‌كان ده‌بینێت
K24 - هه‌ولێر:
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، پۆستی سه‌رۆك كۆمار پشكی كورده و كورد له ناوخۆیدا له‌سه‌ری رێكده‌كه‌وێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، حزبه‌كانی دیكه باسی پارتی ده‌كه‌ن، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پارتی باسی خۆی بكات، پارتی وه‌ڵامی هیچ لایه‌نێك ناداته‌وه و خه‌ڵك خۆی جیاوازییه‌كان ده‌بینێت.
فازڵ میرانی گوتی: "پارتی له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ئارامه، حزبه‌كانی دیكه باسی پارتی ده‌كه‌ن، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پارتی باسی خۆی بكات، با رێگه بده‌ن خۆمان باسی خۆمان بكه‌ین و ئه‌وانیش باسی خۆیان بكه‌ن، هه‌رچه‌نده باسی پارتی ده‌كرێت، به‌ڵام پارتی وه‌ڵامیان ناداته‌وه، با خه‌ڵك خۆی جیاوازییه‌كان ببینێت".
بۆ دوای هه‌ڵبژاردنیش فازڵ میرانی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، پۆستی سه‌رۆك كۆمار پشكی كورده، كورد له ناوخۆیدا له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێكده‌كه‌وێت، شیعه‌كان له ناوخۆیاندا له سه‌ر كاندیدێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران رێكده‌كه‌ون و سووننه‌كانیش له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێكده‌كه‌ون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هیوادارم بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر ماوه‌یه‌كی زۆر نه‌مێنێته‌وه و عێراق له ره‌وشێكی نائارامدا بژی.
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی روونیكرده‌وه، پارتی كاندیدی له كه‌ربه‌لا، فه‌لوجه و ئه‌نبار هه‌یه، كه خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن، رۆڵه‌ی عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كاندیده‌كانمان له‌وێ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رزن، كاركردنی پارتیش له‌و ناوچه‌یه، په‌یوه‌ندی به ره‌وشی عێراقه‌وه هه‌یه، كه پارتی په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی درووست ده‌كات.
روونیشكرده‌وه، ئه‌وانه‌ی كاریان له‌گه‌ڵ پارتی كردووه، ده‌زانن هاوپه‌یمانیه‌تیكردن له‌گه‌ڵ پارتی باشتره له دژایه‌تیكردنی، بۆیه پارتی به‌و ئاراسته‌یه كارده‌كات و برا عه‌ره‌به‌كان له‌ناوچه‌كه شاهێدی ئه‌وه ده‌ده‌ن، كه سه‌رۆك بارزانی ده‌ستی بۆكردنه‌وه و له‌كاتی ته‌نگانه‌دا ده‌رگایان به‌ڕوودا كرایه‌وه، بۆیه پێشبینی ده‌كه‌ین 4 تا 5 كورسی له‌ناو برایانی عه‌ره‌ب بێنین.
فازڵ میرانی ئاشكرایكرد، هه‌ڵبژاردن هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو ده‌بێته هۆی چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك كێشه، به‌ڵام بۆ بنبڕكردنی كێشه‌كان له بنه‌ڕه‌ته‌وه، ده‌بێت عه‌قڵیه‌تی كاركردن بگۆڕێت.
گوتیشی: پارتی له رووی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی و هه‌ڵوێسته‌وه حزبێكی جێگیره، به‌رده‌وامه له‌سه‌ر خه‌باته‌كه‌ی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌نگده‌ری جێگیری هه‌یه، پارتی جگه له‌وه‌ی پارێزگاری له ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌وڵی زیادكردنی ده‌دات.
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی باسی له گه‌ڕانه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتی كرد و گوتی: گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان په‌یوه‌ندی به عه‌قڵیه‌تی حوكمڕانی هه‌یه و كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ناو نییه، كێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌یه، كه حوكمڕانی ئه‌و وڵاته ده‌كات و نابێت جیاوازی له نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا بكات، كه یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ئه‌و عه‌قڵیه‌ته بووه.
سه‌باره‌ت ئه‌ركی قورسی په‌رله‌مانتارانی داهاتووی كورد له به‌غدا، فازڵ میرانی روونیكرده‌وه، ئه‌ركه‌كه په‌یوه‌ندی به هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌وه هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له رابردوو بینیمان هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری كورد له بری ئه‌وه‌ی به‌رگری له پشكی هه‌رێم بكه‌ن له بودجه، دژایه‌تیان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا چه‌ند په‌رله‌مانتارانمان لێهاتوون و عه‌قڵه‌یه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی لایه‌نه‌كانی عێراق به كه‌مینه و زۆرینه نه‌بێت، رۆڵ و ئه‌ركه‌كه دیاری ده‌كات.
د.ی