فه‌رمانده‌یه‌كی تاڵیبان: چه‌كداره‌كانمان بیری شه‌ڕ ده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
عه‌بدولڕه‌حمان نیفیز، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌یه‌كی چه‌كداریی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان كه له 250 چه‌كدار پێكهاتوون، به رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی راگه‌یاند، "هه‌موو پیاوه‌كانم حه‌زیان به شه‌ڕ و جه‌نگه، بۆیه له‌و كاته‌وه‌ی هاتوونه‌ته كابوڵ هه‌ستیان به ئاسووده‌یی نه‌كردووه".
ئه‌و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌ی تاڵیبان گوتی: "ئێستا هیچ شه‌ڕ و كوشتارێك لێره نییه و پیاوه‌كانم هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه و ئه‌ركی رۆژانه‌یان رابێنن".
نیفیز ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "چه‌كداره‌كانم له‌وه ده‌ترسێن كه به‌هۆی دۆخی ئارامه‌وه به‌یه‌كجاری ده‌رفه‌تی شه‌هیدبوون له جه‌نگ له‌ده‌ست بده‌ن"، به‌ڵام وه‌ك گوتی: "من به‌وان ده‌ڵێم: هێشتا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌تان ماوه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌هید بن و بابه‌ته‌كه ته‌نها په‌یوه‌ندی به كاته‌وه هه‌یه".
له وه‌ڵامی پرسیارێكیش له‌باره‌ی جیاوازی بزووتنه‌وه‌كه‌یان به‌ر له 20 ساڵ و له‌گه‌ڵ ئێستا، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی تاڵیبان گوتی: "ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه په‌یوه‌ندی به بیر و تێڕوانینی ئایینییه‌وه هه‌بێت، ئه‌وا هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان ئێستا و به‌ر له 20 ساڵی بزووتنه‌وه‌كه‌مان نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه له ئاستی توانا و شاره‌زایی و پێگه‌یشتنی تێڕوانینه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، ئه‌وا هیچ گومانی تێدا نییه كه جیاوازییه‌كی زۆرمان له‌گه‌ڵ به‌ر له 20 ساڵ هه‌یه".
له‌باره‌ی هه‌وڵی چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌كه‌شیان بۆ پارێزگاریكردن له بوونی خۆیان له‌ڕێگه‌ی توندوتیژی و تۆقاندنه‌وه، نیفیز جه‌ختی كرده‌وه، "كاری ئێستامان جیاوازه، هه‌موو لایه‌ك رۆژ به‌ڕۆژ شاره‌زاتر ده‌بن".
له راپۆرته‌كه‌یدا، واشنتن پۆست نووسیویه‌تی: له دیمانه‌كانیدا له‌گه‌ڵ زیاتر له 20 فه‌رمانده و چه‌كداری تاڵیبان له‌و كاته‌وه‌ی كابوڵ كه‌وتووه‌ته ده‌ست ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه، ده‌ركه‌وتووه كه تاڵیبان هێشتا پابه‌نده به بنه‌مای توند و سه‌ركوتكاری سه‌خت، وێڕای ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌باره‌ی جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كان له فێرگه و زانكۆكان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندی خۆپیشاندانی به‌رهه‌ڵستكاران داویانه.
ئه‌حمه‌د كه چه‌كدارێكی تاڵیبانه له یه‌كه‌ی نیفیز، به‌و رۆژنامه‌یه‌ی راگه‌یاندووه، ئه‌و به ئه‌ركه نوێیه‌كه‌ی رازی بووه و گوتی: "ئه‌مه ئه‌ركی نوێی ئێمه‌یه"، له‌كاتێكدا زۆرێك له چه‌كدارانی ئه‌و فه‌رمانده‌یه به نهێنی به رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌یان راگه‌یاندووه، ئه‌وان بیری گونده‌كانیان له ویلایه‌تی وه‌رده‌ك ده‌كه‌ن، كه خۆیان و فه‌رمانده‌كه‌یان خه‌ڵكی ئه‌و ویلایه‌ته‌ن و به‌هۆی دۆخه نوێیه‌كه‌ی ئه‌فغانستان، به ناچاری هاتوونه‌ته كابوڵ.
H.B