کۆمپانیای ئێڤەرگراندی چینی لە لێواری داڕماندایە
K24 - ههولێر:
گرووپی ئێڤەرگراندی چینی، کە یەکێكە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری خانووبەرە لە لێواری مایەپووچە، ئەمڕۆ چوارشەممە (22ی ئهیلوول/ سێپتێمبهری 2021)، بەشێکی کەمی قەرزەکانی دایەوە، بەڵام ئەو هەوڵە نەیتوانی دڵنیایی لە بازاڕە داراییەکان دروستبکات.
مەترسییەکان لە هەڵکاشانن، لهبهر ئهوهی گومان دهكرێت هەمان سیناریۆی بانکی "لیمان برازەرسی" ئەمهریکی لە ساڵی 2008 دووبارە ببێتەوە، کە ئەو کاتە مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و داڕمانی بۆرسەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئێستا بازاڕەکان لە چاوەڕوانی هەوڵەکانی "پەکین"ن بەوەی نیازی هەیە هاوکاری گرووپی ئێڤەرگراند بکات، کە قەرزەکانی بۆ سەرووی 300 ملیار دۆلار کەڵەکە بووە.
ئەمڕۆ کۆمپانیای پەرەپێدانی خانووبەرەی ئێڤەرگراند رایگەیاند، لەگەڵ خاوەن قەواڵەکانیان گەیشتوونەتە رێککەوتن و بەشێک لە قەرزەکانیان داونەتەوە.
لە راگەیەندراوێکی تایبەت کۆمپانیاکە بۆ بۆرسەی "شێنجن" روونیکردهوە، کە یەکێک لە لقەکانی بە ناوی "هێنگدا ریەل ئێستەیت"، دەستی بە دانوستاندن لەبارەی پلانی دانەوەی سوودی سەر قەواڵەکانی بۆ ساڵی 2025 کردووە.
ئاژانسی "بلوومبێرگ" بۆ هەواڵی دارایی بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ئێڤەرگراند نزیکەی 35 ملیۆن دۆلار واتە سەدا 5.8ـی سوودی ئەو قەواڵانە بەو کۆمپانیایانە بداتەوە.
بەڵام بەهۆی کەڵەکەبوونی ئەو قەرزە زەبەلاحە، پێشبینی ناکرێت هەوڵی دانەوەی قەرزەکان چارەسەری قەیرانی ئێڤەرگراند بکات. چەندین بڕە قەرزی دیکەش هەیە لە بڵاوکراوەکەی کۆمپانیاکەدا ئاماژەی پێ نەدراوە و روونکردنەوەی لەسەر نەدراوە، کە چۆن دەدرێتەوە.
ئاژانسی بلوومبێرگ ئاماژەی بەوەداوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە متمانە بگەڕێتەوە، پێویستە بازاڕ خۆی بۆ دووبارە پەیکەربەندی ئێڤەرگراند ئامادە بکات.
د.ی