سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌یه‌ك دیداری ئه‌نجامدا

به‌جیا له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نه‌مسا، پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى و باڵيۆزى ئيسپانيا كۆبووه‌وه‌
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ "ئۆسكار ڤوستنگه‌ر"، باڵيۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عێراق كرد
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ "ئۆسكار ڤوستنگه‌ر"، باڵيۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عێراق كرد

K24 - هه‌ولێر:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشەممە (22ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021) به‌جیا له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئيسپانيا، پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى و باڵيۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌.

سه‌رۆكی هه‌رێم ژماره‌یه‌ك دیداری ئه‌نجامدا و به‌ جیا پێشوازی له‌ "ئۆسكار ڤوستنگه‌ر"، باڵيۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عێراق كرد، پاشان پێشوازی له‌ قه‌داسه‌تى پاتريارك مار ئاواى سێيه‌م، پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى له‌ جيهان كرد، دواتریش له‌گه‌ڵ له‌ "پێدرۆ مارتينز" باڵيۆزى تازه‌ى ئيسپانيا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌.

باڵيۆزى نه‌مسا سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات

"ئۆسكار ڤوستنگه‌ر"، باڵيۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عێراق سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا باس له‌ په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ و له‌مێژينه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌مسا كرا و خواستى هاوبه‌شيان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ده‌رفه‌تى كار و وه‌بەر‌هێنانى نه‌مساييدا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق. باڵيۆزى نه‌مساش خۆشحاڵيى خۆى به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ستايشى رۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ تێكشكاندنى داعشدا كرد.

هه‌ردوولا تيشكيان خستە‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى شاندێكى بازرگانيى نه‌مسايى، كه‌ به‌ ياوه‌ريى باڵيۆزى نه‌مسا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانيان كردووه‌ و دوێنێ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك له‌ بازرگانان و كۆمپانياكانى هه‌رێمى كوردستان ديدار و كۆبوونه‌وه‌يان هه‌بووه‌ و له‌ ده‌رفه‌تى كار و هاريكاريى هاوبه‌ش و سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانينان كۆڵيوه‌ته‌وه‌ و هيوايان خواست ببێته‌ هه‌نگاوى گه‌ڕانه‌وه‌ى كۆمپانيا نه‌مساييه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان.

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ "ئۆسكار ڤوستنگه‌ر"، باڵيۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عێراق و شاندی یاوه‌ر كرد

نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ستايشى دۆستايه‌تى و پشتگيريى نه‌مسا له‌ گه‌لى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌ يارمه‌تييه‌كانى نه‌مسا كرد، به‌تايبه‌تیش كاتێك حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو يه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ى يه‌كه‌مجار ده‌رگاى به‌ رووى په‌نابه‌رانى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها گه‌شتى راسته‌وخۆى ئاسمانيى هێڵى ئاسمانيى نه‌مسايى له‌نێوان هه‌ولێر و ڤييه‌ننادا به‌ پردێكى گرنگيى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جيهانى ده‌ره‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

چالاكييه‌كانى نوێنه‌رايه‌تيى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڤييه‌نا، په‌تاى كۆرۆنا له‌ هه‌رێمى كوردستان و نه‌مسا و چۆنيه‌تيى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، شه‌ڕى دژى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، چه‌ند لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

دیداری پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ قه‌داسه‌تى پاتريارك مار ئاواى سێيه‌م، پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى له‌ جيهان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ شاندێكى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى و وه‌زيرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئايينى ئاماده‌ى بوون، نێچيرڤان بارزانى وێڕاى دووباره‌ پيرۆزبايى له‌ قه‌داسه‌تى پاتريارك بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركى خۆيان و كه‌نيسه‌كه‌يان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها رۆڵى قه‌داسه‌تيان و كه‌نيسه‌ و پياوان و مامۆستایانى سه‌رجه‌م ئايينه‌كانى له‌ قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و ئاشته‌وايى و بوونى كورسيى پاترياركى له‌ هه‌ولێر به‌ گرنگ و مانادار و مايه‌ى متمانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى كرد
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى كرد

لاى خۆيه‌وه‌ قه‌داسه‌تى پاتريارك مار ئاواى سێيه‌م، پاترياركى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى له‌ جيهان و شاندى ياوه‌رى، وێڕاى خۆشحاڵى و سوپاس و پێزانين بۆ به‌شداريى نێچيرڤان بارزانى له‌ رێوڕه‌سمى دانانى قه‌داسه‌تى پاترياركدا، ستايشى رۆڵ و كاريگه‌ريى به‌ڕێزيانى له‌ پشتگيريى پێكهاته‌كان و پاراستنى پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ ميانڕه‌وى و بايه‌خ و گرنگيى سه‌قامگيرى كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ شاندێكى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى و وه‌زيرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئايينى ئاماده‌ى بوون، نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ قه‌داسه‌تى پاتريارك كرد
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ شاندێكى كه‌نيسه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئاشوورى و وه‌زيرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئايينى ئاماده‌ى بوون، نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ قه‌داسه‌تى پاتريارك كرد

تاوتوێكردنى كاروبارى كه‌نيسه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، عێراق و جيهان و دۆخى مه‌سيحى و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو، كه‌ تيايدا قه‌داسه‌تى پاتريارك سوپاسى گه‌ل و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ پێشوازى و حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تيش ئاواره‌ مه‌سيحييه‌كان.

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ باڵيۆزى تازه‌ى ئيسپانيا كۆبووه‌وه‌

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ "پێدرۆ مارتينز" باڵيۆزى تازه‌ى ئيسپانيا له‌ عێراق كرد.

له‌ ديدارێكدا نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايی ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ پۆستى تازه‌يدا لێكرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى و خواستى هەرێمى کوردستانیشى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسپانیا دووپات کردەوە، هەروەها پوختەیەکى دەربارەى دۆخى هەرێمى کوردستان خستەڕوو.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئیپانیا له‌ عێراق كرد
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی تازه‌ى ئيسپانيا له‌ عێراق كرد

باڵیۆزى ئیسپانیا هیواى خواست بتوانێت پەیوەندییەکانى ئیسپانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکاندا برەو پێبدات بەتایبەتیش لە بوارى ئابوورى و بازرگانیدا و دووپاتى کردەوە کە هانى کەرتى تایبەت و کۆمپانیاکانى وڵاتەکەى دەدات بۆ سەرمایەگوزارى و وەبەرهێنان، هەروەها سەرسامیى خۆی بە ئاوەدانى و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کورستان دەربڕى.

هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق و پڕۆسەى سیاسى لە وڵات، دوایین پێشهاتەکانى شەڕى دژى تیرۆر و هەڕەشە و مەترسییەکانى داعش، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.

نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايی ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ باڵیۆزی تازه‌ی ئیسپانیا كرد
نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايی ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ باڵیۆزی تازه‌ی ئیسپانیا كرد